عادڵ موکەڕەم بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا

11:38 - 25 خەزەڵوەر 2720

ڕۆژی شەممە ٢٤ی خەزەڵوەر، حوکمی ساڵێک زیندانیی تەعزیری بە عادڵ موكەڕەم، زیندانی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ورمێ ڕاگەیاندرا.

دادگایی‌کردنی ئەو زیندانییە کوردە، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەزەڵوەر، بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفڕانس بەڕێوەچوو و لقی ٢ی دادگایی ئینقلابی ورمێ، بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو"، ناوبراوی بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری مەحکووم کردووە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی ڕەزبەر، "عادڵ موکەڕەم" بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەمەڕ جێبەجێنەکردنی داواکارییەکەی، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.

ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەزبەر، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لە گرتووخانەی ورمێ، پاش جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانی لەلایەن بەرپرسانی ئەو زیندانەوە دووبارە مانی گرتبوو.

ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەزبەر ئەو زیندانییە سیاسییە لەسەر بەڵێنیی بەرپرسانی زیندان بۆ پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەی کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

ئەو زیندانییە لە کاتی کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکەی ڕایگەیاندبوو، لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی داواکارییەکەی دووبارە مان دەگرێتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی ڕەزبەر، ئەو زیندانییە سیاسییە بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە ناڕوونیی چارەنووسی لە زیندان، بە دوورینی لێوەکانی مانی گرت. هەروەها پاش مانگرتنەکەی ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ورمێ کرا.

بڕیار بووە ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی خەرمانان، پاش ١٠ مانگ ناڕوونیی چارەنووسی لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو" دادگایی بکرێت، بەڵام دادگاییەکەی هەڵوەشێندراوەتەوە و کۆبوونەوەی دادگاییەکەی ڕێکەوتی ٢٢ی خەرمانان بەڕێوە چووبوو.

"عادڵ موکەڕەم" سەرماوەزی ساڵی ٩٨ پاش دیپۆرتکردنەوەی لە وڵاتی تورکیە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە ڕادەستی ئێران کرایەوە.

ئەو هاووڵاتییە بۆ ماوەی ١٩ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی خۆی لێپرسینەوەی لێکرا و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

ناوبراو دواتر بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرا و لە بەندی زیندانییانی سیاسیی ئەو زیندانەدایە.