شەڕی پ.ک.ک و حیزبی دێموکرات/ بەردەوامی ناکۆکییەکان لەمیدیا و چاپەمەنییەکان

16:17 - 4 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: بە پێی دوایین زانیارییەکان لەئەنجامی تێکهەڵچوون لە نیوان پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران و پارتی کرێکارانی کوردستان، پێشمەرگەیەکی حدکا گیانی لەدەست داوە و سێ پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوونە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی رابردوو تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە لەنێوان ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و هێزەکانی سەربە پ.ک.ک رووی دا.

لەو تیکهەڵچوونەدا گیان لەدەست دان و برینداریی ژمارەیەک لە هێزەکانی هەر دوو لای لێکەوتووەتەوە.

بە وتەی بەرپرسانی حیزبی دێموکرات تێکهەڵچوونەکە بەشێوەی بەربڵاو بووە و هەتا درەنگانێکی شەو درێژەی هەبووە.

کۆمیسیۆنی سیاسی ـ نیزامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ناوی ئەو پێشمەرگەیەی کە گیانی لەدەست داوە قادر کەریمی راگەیاندووە.

هەروەها لەو تیکهەڵچوونەدا، سێ کەس لەپێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بە ناوەکانی جەمال ئیسماعیلی، حیکمەت نەبی زادە و کەریم خراپەیی بریندار بوون کە لەحاڵی حازردا بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی لە یەکێک لەنەخۆشخانەکانی شاری هەولێرن.

دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، پارتی کریکارانی کوردستانی بە هێرشی یەکلایەنە بۆ سەر پێشمەرگەکانی تاوانبار کردووە.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی کۆنفدرالیزمی کۆمەڵگەی کوردستان رایگەیاندووە، \"پێشمەرگەکانی حدکا لەهەوڵی دەستبەسەرکردنی چەند گریلادا بوون و هەر بۆیەش گریلاکانیش دەستیان بۆ چەک بردووە\".

حەسەن شەرەفی جێگریی سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و وتەبێژی ئەو حیزبە دەڵێ: پ.ک.ک لەشەرەکەدا دەسپێشخەری کردووە و پێشمەرگەکانی حدکایان داوەتە بەر دەستڕێژ.

ئەو ئەندامەی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکرات، باسی لەئامادەیی حیزبەکەی لەگەڵ بەرپرسانی پ.ک.ک سەبارەت بە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە کردووە.

هێرشی هێزەکانی پ.ک.ک بۆ سەر پێشمەرگەکانی حدکا، پەرچەکرداری حیزبەکانی دیکەی کوردستانی ئێرانی لێکەوتووەتەوە.

ژمارەیەک لەحیزبەکان لەبەیاننامەی جیاجیادا پشتیوانی خۆیان لەحیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەربڕیوە و ئەو هەڵسوکەوتەی پ.ک.ک و دەستێوەردانەکانیانی لە بەشەکانی دیکەی کوردستان مەحکووم کردووە.

بە دەسپێکی جموجۆلە نیزامییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هێزەکانی سوپای پاسداران لە کوردستان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

هەواڵنێرانی کوردپا لە پاریزگای ئازەربایجانی رۆژئاواوە رایانگەیاندووە، لە سەرلەبایانی رۆژی رابردووەوە هێلی کۆپتێرەکانی قەرارگای ورمێ سەرقاڵی گواستنەوەی هێزە بۆ ناوچە سنوورییەکان.

دەوترێت کە رێکەوتی ٣ی جۆزەردان هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران بە چەکی قورسەوە بە مەبەستی جێگیربوون لە بەرزاییەکانی کێلەشین و خنێرە رەوانەی سنوورەکان کراون.

بە وتەی شایەتحاڵان ئەو هێزانە بە شنۆ و پیرانشاردا تێپەڕیون.

لەماوەی چەند حەفتەی رابردوودا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هێزی پێشمەرگەی بۆ قووڵایی ٢٠٠ کیلۆمیتری باکوری رۆژهەڵاتی هەولێر رەوانە کردووە و ئێستاکە لە بەشێک لەخاکی کوردستانی ئێران لەنزیک شنۆ و پیرانشار جێگیر کراون.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران باسی لەوە کردووە بۆ ئەنجامدانی چالاکی لەسنوورەکانی کوردستانی ئێران، پێویست ناکات ئیزن و مۆڵەت لە هیچ لایەنێک وەربگرێت.

هەواڵی پێوەندیدار:
شارەکانی شنۆ و ورمێ بەهۆی حوزووری هێزەکانی حدکا میلیتاریزە کران + تەکمیلی
RMMK: هێرشی پ.ک.ک بۆسەر پێشمەرگە، لە قازانجی دوژمن دایە
راگەیەندراوی حدکا سەبارەت بە هێرشی پەکەکە و هەڵوێستی حیزبی کۆمەڵە
دوایین زانیارییەکان لەبارەی هێرشی pkk بۆسەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێمۆکرات+ تەکمیلی