شەڕی ٢٤ رۆژەی سنە لە سمینارێکی زانستیدا لە ئاڵمان، تاوتوێ کرا

21:01 - 23 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: لە سمینارێکی یەک رۆژەدا لە شاری فرانکفۆرتی ئاڵمان لە ژێر ناوی \"شەڕی شارێ\"دا، لایەنە سیاسی، کۆمەڵایەتی، نیزامی و فەرهەنگیی و ئابوورییەکانی شەڕی ٢٤ رۆژەی شاری سنە تاوتوێ کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٢ی خاکەلێوە، لە ٣٥مین ساڵیادی شەڕی ٢٤ رۆژەی سنە، بە بەشداریی چالاکانی سیاسیی کورد سمینارێکی زانستی لە وڵاتی ئاڵمان بەڕێوەچوو.

ئەو سمینارە، کە لەسەر دەستی کۆمەڵێک لە کەسایەتی و چالاکانی فەرهەنگی، سیاسی و مەدەنیی کوردی وەکوو (ئارێز داراپوور، شۆڕش ناسری، باباشێخ ناسری و جهانگیر وریانی) لە وڵاتی ئاڵمان ئامادەسازیی بۆ کرابوو، چەندین چالاکی سیاسیی سەربە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان وتاریان پێشکەش کرد.

باباشێخ ناسری یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ئەو سمینارە لە لێدوانێکدا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: \" بە مەبەستی یادکردنەوە لە خۆڕاگری و قارەمانەتیی خەڵکی سنە و هەروەها هەڵدانەوەی لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەو شەڕە داسەپاوە، ئەو سمینارەمان وەڕێخست\".

ئەو چالاکە سیاسییە گوتیشی: بۆ روونبوونەوە و هەڵدانەوەی زۆر لایەنی شارەوە ژمارەیەک کەسایەتیی بەشداری نەورۆزی خوێناویی سنە وەکوو (تەیفوور بەتحایی، گوڵڕوخ قوبادی چالاکی سیاسی و مافی ژنان و یەدە بیگلەری، دادوەری شاری سنە لە سەردەمی شەڕی سنە) بانگهێشتی سمینارەکە کرد و لەوێدا روانگەی خۆیان خستەروو.

\"25954.jpg\"
سمینارێکی یەک رۆژە لە شاری فرانکفۆرتی ئاڵمان لە ٣٥مین ساڵیادی شەڕی ٢٤ رۆژەی سنە لە ژێر ناوی \"شەڕی شارێ\"دا تاوتوێ کرا
ئەو سمینارە بە راگەیاندنی خولەکێک بێدەنگی بۆ یادی شەهیدانی کوردستان و پەخش کردنی شێعرێکی جەلال مەلەکشا بە دەنگی خۆی کە تایبەت بە نەورۆزی خوێناویی سنە هۆنیبووییەوە، دەستی پێکرد.

دواتر تەیفوور بەتحایی، لە وتارێکدا باسی لە چۆنیەتیی دروستبوونی شەڕی هێزە کوردییەکان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیدا کرد و رایگەیاند: ئەو شەڕ لەلایەن حکوومەتی ناوەندییەوە دەستی پێکرد و خەسارێکی زۆری ئابووری و گیانیی بە خەڵكی شاری سنە گەیاند\".

پاشان گوڵڕوخ قوبادی، لە وتارێکدا رۆڵ و نەخشی ژنانی کوردی لە شەڕی شاری سنەدا بەرز نرخاند و باسی لە خۆڕاگریی ژنان شانبەشانی پیاو لە بەرنگاربوونەوە لەگەڵ هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامیدا کرد.

ئەو چالاکە ژنە، حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێرانی بە سازشکاری لەگەڵ هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران تۆمەتبار کرد و رایگەیاند هێزەکانی حیزبی دیمۆکرات لە هەوڵی ئیسکۆرت کردنی هێزی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ دەرەوەی شاردا بووە\".

لە بڕگەیەکی دیکەدا، ئارێز داراپوور، کە فیلمێکی دیکیۆمناریی لەسەر شەڕی سنە ئامادە کردبوو، لە سمیناری شەری شارێدا پێشکەش کرا و دواتریش ئەو چالاکە مەدەنییە باسی لە کەموکۆڕییەکانی بواری راگەیاندنی شەڕی شاری سنە لە کاتی شەڕەکە و دوای شەڕەکەدا کرد.

هەروەها یەدوڵڵا بیگلەری، دادوەری شاری سنە لە سەردەمی شەڕی خوێناویی ئەو شارەدا، لە روانگەی یاساییەوە لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەو شەڕەی باس کرد و وڵامی پرسیاری بەشدارانی لەسەر لایەنی یاسایی ئەو شەڕە دایەوە.

باباشێخ ناسری دوایین کەس لەو سمینارەدا باسی لە شەڕی شاری سنە کرد و لە لێدوانەکەیدا بۆ کوردپا رایگەیاند: لە کاتێکدا کورد هیچ ئامادەییەکی بۆ شەڕ نەبوو، حکوومەت ئەو شەڕەی بەسەر کوردا سەپاند و لە ئەنجامدا سەدان کەس لە هاووڵاتییانی کوردی خەڵکی شاری سنە بە دەستی هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژران.

ئەو چالاکە سیاسییە کوردە، گوتیشی: حیزبی دێموکرات لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە ئەو شەڕە لە نێو شاری سنەدا روو نەدات، هەر بۆیەش حیزبی دیمۆکرات بە سازشکار لەگەڵ هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران تۆمەتبار دەکرا\".

ئەو سمینارە، کە شۆڕش ناسری پێشکەشکاری بوو، بە خوێندنەوە دوو پارچە پەخشان لەلایەن رامیار مینبەری و مریەم مەسعوودییەوە، کاتژمێر ٩ی شەوی رابردوو کۆتایی پێهات.

ساڵی ٥٩ی هەتاوی، هێزێکی ئەرتەشی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هێرشیان کردە سەر شاری سنە و لەماوەی ٢٤ رۆژدا تۆپ و خومپارە بارانی شاری سنەیان کرد و سەرەڕای ئاوارەبوونی هەزاران کەس، سەدان کەس لە ژن و منداڵ لە ئەنجامی تۆپ و خومپارە باران کردنی ئەو شارەدا بە دەستی هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژران.

هەتا ئێستا ئامارێکی دروست لە رادەی کوژرانی هاووڵاتییانی سڤیلی شاری سنە لەبەردەستدا نییە، بەڵام گۆڤارێکی وەرزانەی سەربە سوپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە مانگی رەزبەری ساڵی ٥٩دا بڵاوی کردبوویەوە، کە ٧٠٠ هەتا ١٠٠٠ کەس لە خەڵكی شاری سنە لە ئەنجامی ٢٤ رۆژ شەڕدا کوژراون.