شەڕ و تێکهەڵچوونی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لەگەڵ کاسبکاران و مەڕداران لە پاوە و سەردەشت

11:14 - 17 خەزەڵوەر 2720

ڕۆژی پێنج شەممە ١٥ی خەزەڵوەر، پاش ڕاودوونانی ژمارەیەک لە کاسبکاران و مەڕدانی گوندی زەردۆیی سەر باینگان لە شاری پاوە، لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتییەوە، شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان خەڵکی ئەو گوندە و هێزە نیزامییەکان هاتە ئاراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا  ڕایگەیاندووە: "دوو کەس لە دەستوپێوەندییەکانی حکوومەتی بە ناوەکانی "ئەلف و زاواکەی"، ڕاپۆرت لە چەند ماشێنی مەڕ و ماڵاتی کاسبکاران  لە گوندی زەردۆیی دەدەن کە لە ئاکامدا، شەڕ و تێکهەڵچوونی هێزە نیزامییەکان و خەڵکی ئەو گوندەی لێکەوتووتەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "سەرەڕای تەقەی هەوایی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، دانیشتووانی ئەو گوندە ئیزنیان نەدا، کە هێزە حکوومەتییەکان دەست بە سەر مەڕ و ماڵاتی کاسبکاران دابگرن و ناڕەزایەتیی خەڵکی ئەو گوندە، بوو بەهۆی هەڵاتنی هێزە نیزامییەکان".

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی خەزەڵوەر، لە ناوچەی دۆڵەتووی شاری سەردەشت، هیزە نیزامییەکانی حکوومەتی بە بیانووی ئاودیوکردنی مەڕ و ماڵات، لەلایەن کاسبکارانەوە، دەستیان بە تەقەکردن لە کاسبکاران کردبوو.

ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا باس لەوە دەکات دوو کەس لە هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە پایگای "گوڕەشێر"ی سەردەشت بە ناوەکانی "موجەڕدی و پیرمحەممەدی" تەقەیان لە چەند کاسبکارێک بە مەبەستی کوشتنی ئەوان کردبوو کە خەریکی ئاودیوکردنی مەڕ و ماڵات بۆ هەرێمی کوردستان بوونە.