شەپۆلێکی دیکەی گرانی ئێرانی داگرتەوە

14:48 - 27 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: بانکی ناوەندیی کۆماری ئیسلامی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد کە نرخی ٦ دەستە لە خواردەمەنییەکان گرانتر بوون.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی بانکی ناوەندی لە مانگی ڕەزبەردا نرخی شیرەمەنی و هێلکە، برنج و دانەوێڵەکان، میوە و سەوزییەکان، گۆشتی سوور و گۆشتی مریشک، قەند و شەکەر و چای و ڕۆن بە بەراورد لەگەڵ ماوەی وێکچووی ساڵی ڕابردوو چوونە سەری بەخۆوە بینیوە.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە لە حەوتووی سێهەمی مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ نرخی شیرەمەنییەکان ٥/٣%، هێلکە ٩/١٣%، برنج ٧/٥١%، دانەوێڵەکان ٥/٢٣%، میوە ١/٣%، گۆشتی سوور ١/٩%، گۆشتی مریشک ٦%، قەند و شەکەر ١/٤٥%، چای ٥/١٦% و ڕۆن ٦/٦% بە بەراورد لەگەڵ ماوەی وێکچووی ساڵی ڕابردوو زیادیان کردووە.

ئەگەرچی هەندێک لە لیپرسراوانی کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدەن پرسی گرانی بە دۆخی جیهانی بازاڕ ببەستنەوە، بەڵام وەک کارناسانی ئەم بیاڤە دەڵێن پرسی گرانی زیاتر لەوەیکە کاریگەری لە پرسە جیهانییەکان وەربگرێت شوێندانەری لە سیاسەتە نێوخۆییەکان وەردەگرێت.

بەڕای ئابووریناسان یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی دیاردەی گرانی بریتییە لە ڕێژەی زۆری نەخدینەیی کە بە وتەی بانکی ناوەندی لە مانگی گەلاوێژدا ١٠٩٩ هەزار میلیارد تمەن بووە؛ بەڵام سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە هەندێک لە بەرپرسانی حکومەتی ئیسلامی ئەم کەمایەسییە وەک خاڵی پۆزەتیڤ دەبینن!
هەر لەمبارەوە د. مەنسوور ڕەزایی، پسپۆڕی ڕێژیمە خواردەمەنییەکان و مامۆستای زانکۆی بێهێشتی لە وتووێژێکدا سەبارەت بە ڕەوشی برسیەتی لە ئێران بە پۆرتاڵی زانکۆی ناوبراوی وتووە: هەنووکە ٥٠ میلیۆن کەس لە ئێران خواردنی گونجاو ناخۆن.