شەپۆل خزری پاش ڕەوانەکردنی بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ، چارەنووسی ناڕوونە

23:02 - 17 رێبەندان 2720

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "شەپۆل خزری"، کوڕی حوسێن و خەڵکی مەهاباد، پاش ۲۷ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی، چارەنووسی ناڕوونە و ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەرێ کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، سێ جار  پەیوەندی تەلەفوونیی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و ئەویش بە زمانی فارسی لەگەڵیان قسەی کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: "شەپۆل خزری، لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و لە چارەنووسی ناوبراو زانیارییەکی ورد لە بەردەستدا نییە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو کە، هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون لەمەڕ چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە بە بنەماڵەکەی خۆ دەبوێرن.

ڕۆژی شەممە ۲۰ی بەفرانبار، شەپۆل خزری، هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکرانی چوار هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "سالار ڕەهەوی،دەریا تاڵبانی، ئەفشین مام‌ئەحمەدی و سیروان نووری"، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران لە مەهاباد، دەسبەسەر کرابوو.