شەش گوندی سنووری شاری سەردەشت لە سەر بڕیاری شورای باڵای تەناهی نەتەوەیی ئێران چۆڵ دەکرێن

11:54 - 5 رەزبەر 2720

شورای باڵای تەناهی نەتەوەیی ئێران بڕیاری چۆڵکردنی گوندەکانی "نوکان" ، "هەرزنه"، "گاکی"، "گوره شێر"، "بەردان" و "تێتێ خوارێـ"ـی شاری سەردەشتی دەرکردووە.

هەنگی سنووریی سەردەشت بە خەڵکی ئەو گوندانەی ڕاگەیاندووە بە هۆی هەڵکەوتەی ئەو گوندانە، لە سەر هێڵی سووری سنووری، بەپێی پەسەندکراوی شورای باڵای تەناهی نەتەوەیی دەبێت هەرچی زووتر چۆڵ بکرێن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیدارەی تەئمینی شاری سەردەشت، ئەندامانی شورای گوندی بەردانی بانگهێشت کردووە و پێی ڕاگەیاندوون لە ڕاستای پەسەندکراوی شورای باڵای تەناهی نەتەوەیی، دەبێت دەسبەجێ هەوڵی چۆڵکردنی ئەو گوندە بدەن.

ئەو سەرچاوەیەش هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئەو گوندانە بە بیانووی ئەوەیکە لە هێڵی سنووری هەڵکەوتوون، لە تەواوی ئیمکانی خۆشبژێوی، کارەبا و ڕێگاوبان بێبەرین.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: نوێنەری شاری سەردەشت و پیرانشار لە مەجلیس لە نامەیەکدا، بۆ عەلی شەمخانی بەنیسبەت ئەو هەوڵەی شورای باڵای تەناهی نەتەوەیی ناڕەزایەتی دەربڕیووە، بەڵام هەتا ئێستا وڵامی نامەکەی ئەو نوێنەری مەجلسی نەداوەتەوە.

ئەو شەش گوندەی سەردەشت، زیاتر لە ٦٠ بنەماڵە و هەروەها ٢٠٠ کەس ڕێژەی حەشیمەتیان هەیە.