شێرکۆ ئاگووشی پاش کۆتایی مەرەخەسییەکەی گەڕایەوە بۆ زیندانی نەغەدە

17:24 - 6 خاکەلێوه 2721

ئەمڕۆ هەینی ٦ی خاکەلێوە، شێرکۆ ئاگوشی، زیندانیی سیاسیی خەڵکی پیرانشار، پاش کۆتایی مەرەخەسییەکەی گەڕایەوە بۆ زیندانی نەغەدە.

ئەو زیندانییە سیاسییە ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی ڕێبەندانی ١٣٩٩، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی لە زیندانی نەغەدە هاتە مەرەخەسی.

ئەو هاووڵاتییە پێشتر، لەلایەن دادگای ئینقلابی پیرانشار بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ناوبراو لە دۆسیەیەکی دیکەدا بە "هەوڵی چەکدارانە و تێکەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران"، تۆمەتبار کرا کە ئەو دۆسیەیە لە دادگای ئینقلابی مەهاباد ئاوەڵایە و کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ناوبراو لەو دادگایەدا بەڕێوە دەچێت.

شێرکۆ ئاگووشی، ڕۆژی شەممە ٩ی خەرمانانی ٩٨، پاش برینداربوونی لەلایەن هێزەکانی سپای پاسداران دەسبەسەر کرابوو.

ڕۆژی هەینی ٨ی خەرمانانی هەمان ساڵ، "سادق ئاگووشی" برای ئەو هاووڵاتییە بەهۆی تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران گیانی لەدەست دابوو.

هەروەها، "کاوە ئاگووشی"، باوکی ئەو دوو هاووڵاتییە، ڕۆژی هەینی ٨ی خەرمانانی ٩٨ دەسبەسەر و پاش کۆتایی لێپرسینەوە ئازاد کرابوو.