شیرین عیبادی نامەیەکی سەرئاوەڵای ڕوو لە حەسەن ڕووحانی بڵاو کردەوە

14:30 - 28 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: دوابەدوای ئازادکردنی ٤ زیندانیی ئەمریکایی لە لایەن حکوومەتی کۆماری ئیسلامییەوە، شیرین عیبادی نامەیەکی سەر ئاوەڵای ڕوو لە حەسەن ڕووحانی بڵاو کردەوە.

شیرین عیبادی، براوەی خەڵاتی نۆبێلی ئاشتی، لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا وێڕای خۆشحاڵی دەربڕین لە هەمبەر ئازادکرانی ٤ زیندانیی ئەمریکایی، بە خستنە ڕووی ئەو پرسیارەی کە چ کاتێک نۆرەی ئاشتی لەگەڵ خەڵکی ئێرانە؟ داوای ئازادکردنی زیندانییە سیاسییەکانی ئێرانی کرد.

لە سەرەتای ئەم نامەدا هاتووە؛ ئازادکردنی \"بارمتە\" ئەمریکاییەکان جێگەی دڵخۆشییە و هیوادارم ئەمە ببێتە دەسپێکی ڕەوتێکی نوێ لەمەڕ کۆتایی هێنان بە گرژییەکانی نێوان ٢ وڵاتی ئەمریکا و ئێران، بەڵام نابێ ئەو زیندانییانەش لە بیر بکرێن کە لە ڕاستیدا بوونەتە \"بارمتەی\" دەستی بەرپرسە ئەمنیەتییەکان.
لە بەشێکی دیکە لەم نامەدا هاتووە: ئەو پرسیارەی کە من دەمهەوێ لە ئێوەی بکەم ئەوەیە کە؛ \"کەی کاتی ئاشت بوونەوە لەگەڵ خەڵکی ئێران دەگات؟\"

تاکوو بارمتەکانی وەک نەرگس محەممەدی، عیسا سەحەرخیز، بەهارە هێدایەت، ئۆمید کەوکەبی، سەعید مەدەنی و ... بە دیداری بنەماڵەکانیان شاد ببنەوە؟

لە بەشی کۆتایی نامەی ئاماژە بۆکراودا هاتووە: حکوومەتی ئێران لەگەڵ دوژمنە ٣٧ ساڵەکەی خۆی ئاشت بووەتەوە، بەڵام پێم سەیرە کە بۆچی ناتوانێ لەگەڵ خەڵکی خۆیدا ئاشت ببێتەوە؟

چەند ڕۆژ پێش ئێستا، کۆماری ئیسلامیی ئێران، بڕیاری ئازادکردنی ٤ زیندانیی ئەمریکایی بە ڕەچەڵەک ئێرانیی دەرکرد، کە پێشتر بە تۆمەتی سیخوڕی کردن دەستبەسەر کرابوون.