شیرزاد مامەندی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

12:31 - 9 رەزبەر 2721

ڕۆژی سێشەممە ٦ی ڕەزبەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "شێرزاد مامەندی" خەڵکی "نەرزیوە" سەر به شاری شنۆ، بە دانانی بارمتە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتە هەتا کۆتایی قۆناغی دادگاییەکەی ئازاد کراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خەرمانان، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان بردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە و ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان پاش پشکنینی ماڵی هاووڵاتییە، هێندێک کەرەستەی شەخسیی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردبوو.

ئەو هاووڵاتییە پاش دەسبەسەر کردنی بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوو.

هەتا ئێستا، لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی‌ وەپاڵدراوی ئەو هاووڵاتییە، زانیارییەکی ورد لە بەردەستدا نییە.