شوناسی ٤ هاووڵاتیی دەستبەسەرکراو لە نەورۆزدا ئاشکرا بوو

21:16 - 5 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنیەتییەکان لە شاری نەغەدە سەر بە پارێزگای ورمێ، ٤ لاوی خەڵکی ئەو شارەیان لە دوایین ڕۆژەکانی ساڵی ڕابردوودا دەستبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ٢٦ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٥ی هەتاوی، چوار لاوی خەڵکی گوندی\"خەلیفەلیان\" سەربە بەخشی ناوەندیی شاری \"نەغەدە\" دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

شوناسی ئەو چوار لاوە گیراوە کە نێونجی تەمەنیان کەمتر لە ٢١ ساڵە، بریتییە لە؛ \"کیان کەریمی\" کوڕی هادی،\"کیان ئورامە\"کوڕی سەعید،\"محەممەد زەبیحی\" کوڕی عەلی و \"ڕەزا سۆفی ئەحمەدی\" کوڕی سادق.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای ڕاگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری نەغەدە ئێوارەی ڕۆژی پێنج‌شەممە چوونەتە ئەو گوندە و هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو چوار لاوە و بەبێ دانی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی، دەستبەسەریان کردوون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەیشی خستەڕوو،\"پڕوپاگەندە کردن بۆ بانگەوازی حیزبە کوردییەکان\" هۆکاری سەرەکیی دەستبەسەر کردنی ئەو چوار لاوە بووە.

پێشتریش شەش حیزب و لایەنی سیاسیی کوردستانی ئێران بە بڵاوکردنەوەیی بەیاننامەیەکی هاوبەش، داوایان لە خەڵکی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کردبوو، کە جێژنی نەورۆزی ساڵی ٩٦ی هەتاوی هەرچی بەرینتر و بەشکۆتر لە ساڵانی ڕابردوو بەڕێوە ببەن.

بەپێی ڕاپۆرتە نێردراوەکانی هەواڵنێرانی کوردپا لە شارەکانی کوردستانی ئێران،لە بەرەبەری نەورۆزی ئەمساڵدا و لە ڕۆژەکانی پاش نەورۆزدا، لانیکەم ٢٣ هاووڵاتیی کورد لە پەیوەندیی لەگەڵ بەڕێوەچوونی جێژنی کەونارای نەورۆز و کەڵکوەرگرتن لە \"جامانە\"، لەلایەن مەئموورانی ئەمنیەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

بەپشتبەستن بە نوێترین ڕاپۆرتی ئاماری ئاژانسی کوردپا بۆ ساڵی ڕابردوو، ٥٦٤ کەس لە هاووڵاتییانی کورد بەهۆی چالاکیی سیاسی، مەدەنی، وێبلاگنووسی و ژینگەپارێزی دەستبەسەر کراون کە بۆ ١١٩ کەسیان حوکمی زیندان بڕدراوەتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتیەکان و دەسەڵاتی دادوەری لە تاوانبارانی سەرەکیی پێشل کردنی مافی مرۆڤ لە ئێران بەئەژمار دێن.