شنۆ؛ هاووڵاتییەک بە دوو ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا

10:52 - 3 گەلاوێژ 2721

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سەلاح بەهرامییان" خەڵکی گوندی "گوندەوێڵە" سەر بە شنۆ، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شنۆ بە سەرۆکایەتی دادوەر "ڕەزایی"، دوو ساڵ زیندانیی تەعزیریی بەسەردا سەپاوە.

ئەو حوکمە ڕۆژی شەممە ٢ی گەلاوێژ بەو هاووڵاتییە ڕاگەیەندراوە و ناوبراو بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە دوو ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا و لە تۆمەتی "تەبانی دژی نیزام"، بێتاوان ناسێندراوە.

کۆبوونەوەی دادگایی سەلاح بەهرامییان ڕۆژی سێشەممە ١ی پووشپەڕ لە دادگای ئینقلابی شنۆ بەڕێوە چووبوو.

سەلاح بەهرامییان ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی خاکەلێوە، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کرابوو.

ناوبراو پاش کۆتایی لێپرسینەوە ڕۆژی دووشەممە ١٣ی بانەمەڕ، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.