شاری نۆدشە وەکوو شاری کلاش چنین دیاری کرا

15:27 - 26 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: شاری نۆدشە سەر بە پارێزگای کرماشان لە کێبڕکێ لەگەڵ پارێزگای سنە و چەند شارێکی دیکە بۆ تۆمار کردنی نازناوی شاری \"کڵاش چنین\"، سەرکەوتنی بەدەست هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی بانەمەڕ، شاری نۆدشە وەکوو \"شاری کلاش چنین\" لە ئێران تۆماری میللی کرا.

بەڕێوەبەری گشتیی میراتی فەرهەنگیی پاڕیزگای کرماشان لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئیرنا ڕاگەیاند: شاری نۆدشە بە هۆی چنینی باشترین \"کڵاش\" بەسەر شارەکانی دیکەدا سەرکەوت و وەکوو \"شاری کڵاش\" دیاری کرا.

جەلیل باڵایی ڕایگەیاند: ئەوەی بووەتە هۆی ئەوەیکە شاری نۆدشە وەکوو \"شاری کڵاش\" دیاری بکرێت، بەشداریی خەڵکە لە بەڕێوەبردنی پیشەیی خۆیاندا، داهێنان و فەرچەشنیی ڕەنگەکان، قەبارەی کڵاشی\"منداڵان، ژنان و پیاوان\"، ڕێژە و بوونی ئەو پیشەیە لەو شارە و هەروەها پێکهاتەی مێژوویی شاری نۆدشە بووە.

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە دەڵێت: لە شاری نۆدشە زیاتر لە ٢٠٠٠ کەس سەرقاڵی پێشەی چنینی کڵاشن و بۆیە ئەو شارە وەکوو شاری کڵاش لە تۆماری میللی، تۆمار کرا.

شاری \"نۆدشە\" سەر بە \"پاوە\" لە ١٥٠ کیلومیتریی پارێزگای کرماشان هەڵکەوتووە.