شاری نۆدشە لە بوونی دەرمانخانەیەک بێبەرییە

12:14 - 4 پووشپەڕ 2721

شاری نۆدشە کە لە سنووری نێوان ئێران و هەرێمی کوردستاندا هەڵکەوتووە، بەدەست نەبوونی دەرمانخانەیەک بە کەرەستەی سەرەتاییەوە دەناڵێنێت.

سەرەڕای کۆتاییهاتنی نزیک بە ٣٣ ساڵ بە سەر شەڕی نێوان ئێران و عێراق، شاری سنووری نۆدشە، هەنووکە دەرمانخانەیەکی بە کەرەستەی سەرەتایی نییە و ئەمە بووتە هۆی ئەوەیکە لاوانی ئەو شارە دەستی یارمەتییان بۆ خێرخوازان درێژ بکەنەوە.

شاری سنووری نۆدشە کە یەکێک لە شارەکانی کوردستانی ئێرانە و لە ساڵی ١٣٦٦ هەتاوی لەلایەن حکوومەتی پێشووی بەعسەوە کیمیایی باران کرابوو، هەتا ئێستا لە نەبوونی دەرمانخانەیەک بە کەرستەی سەرەتایی بێبەرییە و خەڵکەکەی بۆ چارەسەری پزیشکی ڕوو لە شارەکانی دیکە دەکەن.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە دەرمانخانەی ئەو شارە لە کاتی شەڕی ئێران و عێراق، شوێنی چارەسەرکردنی برینداربووانی ئەو شەڕە بووە.

لەو پەیوەندییەدا، لاوانی ئەو شارە بە دانانی هەژمارێکی بانکی دەستیان بۆ خێرخوازان درێژکردووە کە لە ڕێگای ئەو هەژمارەوە خێرخوازان یارمەتییدان بدەن بۆ دروستکردنی دەرمانخانەیەک.