شارام کازمیان لە زیندانی ورمێ هاتە مەرەخەسی

17:46 - 15 خاکەلێوه 2721

ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی خاکەلێوە، شارام کازمیان، زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندیی ورمێ هاتە مەرەخەسی.

ئەو زیندانییە سیاسییە، پاش ڕەزامەندیی شۆرای پۆلێنبەندیی زیندانی ورمێ، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی هاتە مەرەخەسی.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٩٩، شارام کازمیان بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرا.

ئەو هاووڵاتییە، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شێخلوو"، بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو و ئەو حوکمە ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨، بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ١٢ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨، یەکەمین دادگاییکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە سەرۆکایەتی دادوەر"شێخلوو"، لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بەڕێوە چوو و ناوبراو بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران و پڕۆپاگەندە دژی نیزام"، تۆمەتبار کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ١٩ی خاکەلێوەی ٩٩، شارام کازمیان بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملیۆن تمەنی هەتا سەپاندنی حوکمی دادگای پێداچوونەوە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو و حوکمی ناوبراو پاش ناڕەزایەتی دەربڕین لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کرابووەوە، بەڵام پاش ناڕەزایەتی دەربڕینی دووبارە، ئەو حوکمە لە دیوانی باڵای وڵاتەوە، بۆ ٣ ساڵ زیندان کەم کرابووەوە.

ئەو هاووڵاتییەی خەڵکی ورمێ، ڕۆژی چوارشەممە ١١ی بەفرانباری ساڵی ٩٨، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی شەممە ١٢ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ، پاش یەک مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.