شادمان بەنی‌ بەشەر بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی سنە کرا

16:19 - 20 رەزبەر 2720

ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی ڕەزبەر، شادمان بەنی‌ بەشەر، چالاکی مەدەنی و ئەندامی گرووپی شاخەوانیی "چلچەمە" بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی، خۆی بە لقی ٤ بەڕێوەبەریی تاوانەکانی کەیفەریی سنە ناساند و دواتر بۆ زیندانی ئەو شارە گوازرایەوە.

ڕۆژی سێی خەرمانانی ئەمساڵ، ئەو چالاکە مەدەنییە لە بانگهێشتنامەیەدا بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی بانگهێشتی لقی ٤ی بەڕێوەبەریی تاوانەکانی کەیفەریی شاری سنە کرابوو.

شادمان بەنی ‌بەشەر ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٨، لە شوێنی کارەکەی خۆیدا دەسبەسەر و ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی ڕەشەمە بە دانانی بارمتەی ١٥٠ ملیۆن تمەنی لە زیندانی سنە ئازاد کرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو چالاکە مەدەنییەیان بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار و دەسبەسەر کردبوو.

٦ی بانەمەڕی ئەمساڵ کۆبوونەوەی دادگاییکردنی دۆسیەی ئەو چالاکە مەدەنییە لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بەڕێوە چوو و ئەو چالاکە مەدەنییە لە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" تەبرەئە بوو و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

حوکمی ساڵێک زیندانیی تەعزیریی ئەو چالاکە مەدەنییە لە لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی سنە بۆ ٦ مانگ کەم کرابووەوە.