شاخەوانێکی کرماشانی چوارەمین لووتکەی بەرزی سەروو ٨ هەزار میتری بڕی

14:55 - 9 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە وەرزشکارە خاوەن ئەزموون و ناسراوەکانی خەڵکی کرماشان، لووتکەی چیای \"ئاناپوورنا\"ی هیمالیای بڕی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاشنیوەرۆی رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٤ی خاکەلێوە، رەزا شەهلایی شاخەوانی ناسراوی کورد بەسەر دەیەمین چیای بەرزی جیهاندا سەرکەوت.

چیای ئاناپوورنا، کە لە زنجیرە چیای هیمالیا هەڵکەوتووە، ٨٠٩١ میتر بەرزایی هەیە.

ئەو وەرزشکارە کوردە، رێکەوتی ٩ی رەشەمەی ساڵی ٩٣ بە مەبەستی بڕینی ئەو چیایە رووی لە وڵاتی نیپال کردبوو.

ناوبراو هاورێ لەگەڵ تیمیکی شاخەوانیی فەنلاندی، ماسادونیا، چین و شاخەوانیکی بەرەگەز تورک-ئەمریکایی و ٦ شرپا، نیوەرۆی رۆژی ٤ی خاکەلێوە بە کاتی نیپال، گەیشتوونەتە لووتکەی ئەو چیایە.

رەزا شەهلایی بەسەر چیای ئاناپوورنا کە بە یەکێک لە ٤ چیای بەرزی ٨٠٠٠ میتری دادەندرێ، سەرکەوتووەو ناوبراو پێشتریش بە چیای \"ئیڤێرست \" و \"K2 \" و \"کانچن چوگا\"دا سەرکەوتبوو.

ئەو شاخەوانە کوردە ساڵی ١٣٣٨ لە کرماشان لەدایک بووەو ساڵی ٦٠ چالاکییە شاخەوانییەکانی دەست پێکردووە.