سەید محەممەد حوسێنی بە ٤٠ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی ورمێ مەحکووم کرا

11:03 - 5 جۆزەردان 2721

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی سەید "محەممەد حوسێنی"، خەڵکی شاری نەغەدە، بە تۆمەتی "محاربە"، لە ڕێگای ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد، بە ٤٠ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ، مەحکووم کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی سێشەممە ٤ی جۆزەردان، ئەو هاووڵاتییە بانگهێشتی ئیجرای ئەحکامی زیندانی نەغەدە کرا و ئەو حوکمە بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

دوایین کۆبوونەوەی دادگایی ئەو هاووڵاتییە لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد، بە سەرۆکایەتی دادوەر "جەواد غوڵامی" بەڕێوە چووبوو.

سەید محەممەد حوسێنی پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران بووە و پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران لە ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانباری ١٣٩٦، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و هەنووکە لە زیندانی نەغەدەدایە.