سەید سامان حوسێنی لە مافی مەرەخەسی بێبەرییە

11:34 - 26 خەزەڵوەر 2720

زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی سەید "سامان حوسێنی" خەڵکی شاری "ڕەبەتـ"ـی سەردەشت، کە لە زیندانی ئەردەبێڵ ماوەی زیندانییەکی تێدەپەڕێنێ، لە مافی مەرەخەسی بێبەرییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەرپرسانی زیندانی ئەردەبێڵ لەگەڵ داواکاریی مەرەخەسیی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، ڕەزامەندییان دەرنەبڕیوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە پاش سێ مانگ لێپرسینەوە بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرا و مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە دوو ساڵ زیندانیی تەعزیری و دوورخستنەوە بۆ زیندانی ئەردەبێڵ، مەحکووم کرابوو.

حوکمی ئەو زیندانییە کوردە لە دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست و مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ، لە بەندی نیزامیی زیندانیی ورمێ بۆ بەندی زیندانییانی سیاسی و دواتر بۆ بەندی لاوان ڕاگوێزرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ بۆ زیندانی ئەردەبێڵ دوور خرابووە.