سەقز؛ هاووڵاتییەک بە ٢٣ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا

12:13 - 31 پووشپەڕ 2721

لقی ١ی دادگای ئینقلابی سەقز بە سەرۆکایەتی دادوەر "جەواد مستەفایی"، هاووڵاتییەک کوردی بە ناوی "مەحیەدین پاک‌سرشت" کوڕی ڕەشید، بە ٢٣ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کردووە.

دادگا ئەو هاووڵاتییەی بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام"، بە پشتبەستن بە ماددەی ٥٠٠ی کتێبی پێنجەمی تەعزیرات و سزاکانی پێشگیرانەی یاسای سزای ئیسلامی، پەسەندکراوی ١٣٧٥ و بە لەبەرچاوگرتنی یاساکانی پەیوەندیدار بە ڕێژەی تاوان و سزاکان بە پشتبەستن بە خاڵی ب ماددەی ١٢ی یاسای کەمکردنەوەی سزای زیندانیی تەعزیریی چاوەدێر بەسەر ماددەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی، پەسەندکراوی ١٣٩٢ بە ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا و بە تۆمەتی "بێڕێزی بە ڕێبەر"، بە پشتبەستن بە ماددەی ٥١٤ی کتێبی پێنجەمی تەعزیرات و سزاکانی پێشگیرانەی یاسای سزای ئیسلامی، پەسەندکراوی ١٣٧٥، بە ١٦ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کراوە.

لە ڕاستای دانانی یاسای پەیوەندیدار بە ڕێژەی تاوان و سزاکان، بە پشتبەستن بە خاڵی ت ماددەی ١٢ی یاسای کەمکردنەوەی سزای زیندانیی تەعزیریی، پەسەندکراوی ١٣٩٩ چاوەدێر بەسەر ماددەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی، پەسەندکراوی ١٣٩٢ توندترین سزا بۆ ئەو هاووڵاتییە لەبەرچاو دەگیردرێت.

ئەو هاووڵاتییە ٢٢ی جۆزەردان لە لقی ٣ی لێپرسی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەقز تۆمەتەکەی ڕوون کراوەتەوە و ١٢ی پووشپەڕ کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ناوبراو لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بەڕێوەچووبوو.

حوکمی دادگای سەرەتایی ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی پووشپەڕ لە ڕێگەی سامانەی ئێلێکترۆنیکی بە ئەو هاووڵاتییە ڕاگەیەندراوە و ناوبراو بەو حوکمە ناڕەزایەتیی دەربڕیوە.

مەحیەدین پاک‌سرشت، ٢٧ی بانەمەڕی ئەمساڵ بەبێ بەڵگەی یاسایی لە دووکانەکەیدا لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە پاش ٢٠ ڕۆژ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ زیندانی سەقز ڕاگوێزرابوو و پاشان بە دانانی بارمتە بە شیوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کرابوو.