سەعید سەنگەر بانگهێشتی لقی ١ی دادگای ئینقلابی ورمێ کرا

17:32 - 22 بەفرانبار 2720

پاش ڕەتکردنەوەی حوکمی ١٥ ساڵ زیندانیی سەعید سەنگەر، زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ  لە دیوانی باڵای وڵاتەوە، ئەو زیندانییە سیاسییە بانگهێشتی لقی ١ی دادگای ئینقلابی ورمێ کرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە بەپێی ئەو بانگهێشتنامەیە کە وەریگرتووە، دەبێت ڕۆژی ٢٩ی بەفرانبار، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی ورمێ، ئامادە بێت و بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە کۆمەڵەکانی دژبەری ئێران" دادگایی بکرێت.

حوکمی ١٥ ساڵ زیندانیی سەعید سەنگەر، زیندانیی سیاسی لە گرتووخانەی ورمێ، لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە ڕەت کراوەتەوە و دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسییە پاش پێشێلکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی لقی هاوتەریب کرابوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٧ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨، ئەو زیندانییە سیاسییە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە هێزەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، بانگهێشتی لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ کرا و حوکمی ١٥ ساڵ زیندانی لە ١٥ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ بۆ ناوبراو بڕایەوە و لە ڕۆژی شەممە ٢٣ی خاکەلێوە، ئەو حوکمەی پێ ڕاگەیەندرا.

سەعید سەنگەر ڕێکەوتی ١٠ی بەفرانبار ساڵی ٩٨، لە ڕاگەیەندراوێکدا بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە گرووپەکانی بەغی و موجاهدینی خەلق" لە لقی ٢ی دادگای ئیقلابی ورمێ، بە سەرۆکایەتی دادوەر "عەلی شێخلوو" بانگهشێت کراو و لەو کۆبوونەوەیە سەرەرای ڕاگواستنی ناوبراو لە زیندانەوە بۆ دادگا، بەهۆی ئامادە نەبوونی پاڕێزەر لەو کۆبوونەوە، ئەو دادگایە بەڕێوە نەچوو.

رێکەوتی ٢٦ی سەرماوەزی ٩٨، ئەو زیندانییە سیاسییە لە زیندانی ورمێ بۆ لقی ٦ی لێپرسی دادگای ئینقلابی ڕاگوێزرا و پاش لێپرسینەوە، تاوانەکەی پێ ڕاگەیەندرا. "سەعید سەنگەر" لەو دادگاییەدا بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام و پەیوەندی لەگەڵ میدیا بیانییەکان" لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.

پێشتریش لە ساڵی ٩٦دا دۆسیەیەکی دیکە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" دژی ناوبراو دروست کرابوو کە بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست، نەیانتوانی سزایەکی نوێ بۆ ئەو زیندانییە دیاری بکەن.

سەعید سەنگەر زیندانیی سیاسیی کورد، لەدایکبووی ١٢ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٥٢ی هەتاوییە،  ناوبراو خەڵکی پیرانشارە و له هاوینی ساڵی ۷۹ی هەتاوی، بە تاوانی دوژمنایەتی له‌گەڵ خودا (محاربە) و پەیوەندی بە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلقی ئێرانەوە، له‌لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر "فاتمی" بە ئێعدام سزا درا و دواتر لە ساڵی ۱۳٨۲ بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.

حوکمی هەتاهەتایی ئەو زیندانییە ڕێکەوتی ٣ی بەفرانباری ساڵی ٩٥ لەلایەن لقی ٤ی بەڕێوەبەریی تاوانەکانی سنە بۆ ١٨ ساڵ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە.

ساڵی ٩٥ حوکمی ئازادکردنی ئەو زیندانییە سیاسییە لەلایەن دادگای سنەوە دەرکرا، بەڵام وەزارەتی ئیتلاعات ڕێگری لە ئازادکردنی ناوبراو کرد و بەبێ ئیزنی مورەخەسی لە زیندانی ورمێ لە حاڵی تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەیەتی.