سەرەڕای فشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکان، مامۆستایان ئامادەیی خۆپیشاندانیان تێدایە

15:34 - 15 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: کانوونی سینفیی مامۆستایانی ئێران لە بانگەوازێکدا داوایان لە مامۆستایان و فەرهەنگییانی ئێران و کوردستان کردووە کە بە مەبەستی دەستەبەرکردنی مافەکانیان مانگرتنی گشتی بەڕێوە بەرن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە بانگەوازەکەی کانوونی سینفیی مامۆستایانی ئێراندا هاتووە، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١٧ی بانەمەڕ لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە و بارهێنانی سەرجەم شارەکانی ئێران خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی و لە هەمان کاتیشدا هێمنانە بەڕێوە دەچێت.

ئەو بانگەوازە لە کاتێک دایە کە هەواڵنێری کوردپا باسی لە فشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کوردستان بۆسەر مامۆستایان کردووە و بە بانگکردنی ژمارەیەک مامۆستا بۆ ئەو ناوەندانە، لە هەوڵی رێگریی لە بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان و مانگرتنەکەی رێکەوتی ١٧ی بانەمەڕ دان.

\"26342.jpg\"
هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا لەشاری ورمێ، لە زاری ژمارەیەک فەرمانبەری ئیدارەی پەروەردەوە رایگەیاندووە، بەشی حەراسەتی پەروەردەی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا ژمارەیەک مامۆستای بانگ کردووە و وێڕای هەڕەشەکردن، لە هەوڵی پێشگریی لە بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکە دایە.

هەواڵنێری کوردپا باسی لەوەش کردووە، لە درێژەی زەخت و فشارەکاندا ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکانیش کەوتوونەتە بەر شەپۆلی فشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکان. سەرچاوەیەک ئاشکرای کردووە بە مەبەستی چاوترسێن‌کردنی مامۆستایان، پێیان وتراوە کە ئەگەری ئەوە هەیە لە خۆپیشاندانەکەدا لەلایەن \"تێکدەرەکانەوە\" تەقینەوە ئەنجام بدرێت.

بەشی حەراسەتی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای ورمێ بە مامۆستایان و بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکانی وتووە کە نابێ بەشداریی لە خۆپیشاندانی رۆژی پێنجشەممەدا بکەن و ئەگەر هەر داواکارییەکیشیان هەیە، پێویستە لە رێگەی نوسراوەوە بێت.

\"26343.jpg\"
لە شاری سەقزیش سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای وتووە، مامۆستایان بڕیارییان داوە کە رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١٧ی بانەمەر لە کاتژمێر ١٠ بۆ ١٢ی سەرلەبەیانی لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری سەقز خۆپیشاندان بەڕێوە بەرن.

بەپێی زانیارییەکان، بڕیاری بەشداری‌ لە مانگرتن و خۆپیشاندانی رێکەوتی ١٧ی بانەمەڕ، مامۆستایانی شارەکانی مەریوان، بۆکان، مەهاباد، سنە، پیرانشار، پاوە و چەندین شاری دیکەی کوردستانیشی گرتووەتەوە.

ئەو بانگەوازە لەحاڵێک دایە کە پێشتریش لە مانگی رەشەمەی ساڵی رابردوودا، خۆپیشاندانێكی سەرانسەری سەبارەت بە چەندین داواکاریی مامۆستایان لە ئێران بەڕێوە چووبوو.

دوابەدوای بانگەوازەکەی ١٠ی رەشەمە، بە بەردەوامی مامۆستایانی ئێران و کوردستان ناڕەزایەتییان بە دۆخی پەروەردە و مافە زەوتکراوەکانیان دەربـڕیوە و لەو پێوەندییەدا ژمارەیەک مامۆستاش بانگهێشتی ناوەندە ئەمنیەتییەکان کراون.

یەکێک لە داوکاریی مامۆستایان زیادکردنی مووچەکانیانە و سەبارەت بە زیادكردنی لە سەدا ١٤ی مووچەكانیان بۆ ساڵی (٩٤) ناڕازین و لەو باوەڕدان بەپێی هەڵاوسانەكان، دەبێ ئەو زیادكردنە لەسەدا ٣٠ بوایە.

کۆتایی‌هێنان بە هەڵاواردن لەنێو فەرمانبەرانی پەروەردە، رێکخستن و هاوتاکردنی مووچەکان و پێڕاگەیشتن بە بارودۆخی سیستەمی پەروەردە، لە داوکارییە سەرەتاییەکانی مامۆستایانی ئێران و کوردستانە.