سەركەوتنی بەرچاوی دەرهینەرانی كورد لە یەكەم فێستیڤاڵی كورتە فیلمی بانی ئێران

15:01 - 27 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی كوردپا: سینەماكار و دەرهێنەرانی كورد لە ریزی سەركەوتوانی یەكەم خەڵاتی فێستیڤاڵی ناوچەیی كورتە فیلم و پووستێری \"بانی ئێران\" دان.

بەپێی هەواڵی بنکەی خەبەری کورتە فیلمی ئێران، بەشێك لە خەڵاتەكانی یەكەم خولی فێستیڤاڵی ناوچەیی كورتە فیلم و پووستێری بانی ئێران كەلە شاری كورد بەڕێوە چوو، بە دەرهێنەر و سینەماكارانی كورد بەخشرا.

لە رێوڕەسمی كۆتایی ئەو فێستیڤاڵەدا سینەماكار و دەرهێنەرانی كورد لە پارێزگای كوردستان ئەم خەڵاتانەیان مسۆگەر كرد:
ـ خەڵاتی باشترین دەنگ هەڵگری درا بە كورتە فیلمی \"٤٤٤١ رۆژی ژیانم\" لە دەرهێنانی نەزیر میرزایی.
ـ خەڵاتی یەكەم لێژنەی داوەران درا بە كورتە فیلمی \"بۆر\" لە دەرهێنانی \"سۆران قانعی‌فەر\".
ـ لە بەشی دیكیۆمێنتدا خەڵاتی تایبەتی لێژنەی داوەران درا بە كورتە فیلمی \"هاوڕێ‌\" لە دەرهێنانی ئەكبەر شەهبازی.
ـ خەلاتی باشترین دیکیۆمێنت درا بە کورتە فیلمی \"میلۆدیی بەرد\" لە دەرهێنانی پەرویز رۆستەمی.

یەكەم خولی فێستیڤاڵی كورتە فیلم و پووستێری بانی ئێران كەلە \"شاری كورد\" ناوەندی پارێزگای چوار مەحاڵ و بەختیاری بۆ ماوەی سێ‌ رۆژ بەڕێوە چوو، تێیدا لە كۆی 400 بەرهەمی نێردراوی پارێزگاكانی زاگرۆس‌نشین \"كوردستان، كرماشان، لوڕستان، هەمەدان، ئیسفەهان، خووزستان، كهكیلوویە و بویرئەحمەد، فارس و چوارمەحاڵ و بەختیاری\" 65 بەرهەم پیشان دران.