سەرەنجام ئێران ئیعترافی بەكەم كردنەوەی كڕینی نەوتی وڵاتەكەی لەلایەن ژاپۆنەوە كرد

14:46 - 20 خاکەلێوه 2712
كوردپا: شیركەتی نەوتی میللیی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران دانی بە كەم كردنەوەی كڕینی نەوت لەلایەن حكوومەتی ژاپۆنەوە نا.

موحسێن قەمسەری، لێپرسراوی كاروباری نێودەوڵەتیی شیركەتی نەوتی میللیی ئێران رایگەیاند، حكوومەتی ژاپۆن كڕینی نەوتی ئێرانی بە نیسبەت پێشوو كەم كردۆتەوە.

ئەو لێپرسراوە هۆكاری كەم كردنەوەی نەوتی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانی لەلایەن وڵاتی ژاپۆنەوە گەڕاندوە بۆ واژۆ نەكردنی گرێبەستی تازە لەگەڵ ئەو وڵاتە.

حكوومەتی ژاپۆن لە مانگی رێبەندانی 1390‌دا 267 هەزار بۆشكە نەوتی لە ئێران كڕیوە و ئەمە لە حاڵیك دایە كە یەك مانگ پێشتر 344 هەزار بۆشكە نەوتی لە حكوومەتی ئیسلامیی ئێران كڕیبوو.

لە سێ‌ مانگی داهاتوودا بەرهەمهێنانی نەوتی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران یەك میلۆن بۆشكە روو لە كەمی دەكات.

گرووپی لێكۆڵینەوەی وزە\" جی‌پی مورگان\" رایانگەیاندووە، وڵاتانی ئورووپایی لەوەی كە چاوەڕوان دەكرا زۆر زووتر لەو كاتە دیاری كراوە، كەم كردنەوەی كڕینی نەوتیان لە حكوومەتی ئیسلامیی ئێران دەست پێكرد.

لە حاڵی حازردا بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران لە رۆژدا 300 هەزار بۆشكە كەمی كردووە.

گەمارۆكانی یەكیەتیی ئورووپا بۆ سەر حكوومەتی ئیسلامیی ئێران تەنیا لایەنی بەرهەمهێنانی نەوتی نەگرتۆتەوە، بەڵكوو كارتێكەریی لەسەر ئابووری ئەو وڵاتەش هەبووە.