سەردەشت/ خوشک و برایەک لەبۆسەی هێزە نیزامییەکاندا بوونە قوربانی

19:33 - 6 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: خوشک و برایەکی کوردی خەڵکی سەردەشت، لە جادەی پیرانشار – سەردەشت و لە ئەنجامی تەقەی هێـزە نیزامییەکاندا بوونە قوربانی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٥ی گەلاوێژ هاووڵاتییەکی کورد بەناوی \"سالار عەبدوڵڵاهی\" کوڕی \"محەممەد\" گیانی لەدەست دا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، خوشکی ئەو هاووڵاتییە کوردەش بەتوندی بریندار بووە و بۆ چارەسەریی برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی هەینی رێکەوتی ٤ی گەلاوێژ هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی \"سالار فەخری\" تەمەن ٣٠ ساڵ و کوڕی عەبدوڵڵا لە ناوچەی \"نەڵاس\"ی سەردەشت بە دەستی ‌هێــزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران گیانی لێ ئەستێندرا.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١٢ کاسبکاری کورد لە ئەنجامی تەقەی هێــزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەنێوان جاددەکاندا کوژراون و ٢١ کەسیش بریندار بوون.