سەربازێکی شنۆیی پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرا

12:17 - 27 سەرماوەز 2720

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سەربازێکی کورد بە ناوی ''مەتین حەسەنوەند'' تەمەن ٢٠ ساڵ کوڕی فارووق خەڵکی شاری شنۆ، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو زیندانییە پاش ڕاگواستنی بۆ زیندانی ورمێ، لەگەڵ بنەماڵەکەی چاوپێکەوتنی کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵیت: "ئەو لاوە لە یەکێک لە پادگانەکانی شاری شنۆ سەرباز بووە، و مانگێگ پێش بە تۆمەتی ''هاوکاری لەگەل یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران'' لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: ئەو سەربازە کوردە پاش دەسبەسەرکرانی بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا هەروەها ڕایگەیاند: موبایلی ئەو سەربازە کوردە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستی بە سەرداگیراوە و پشکێندراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، مەتین حەسەندوەند لە زیندانی ورمێ چارەنووسی ناڕوونە.