سەد هەزار كەسی تووشبوو بە ویرووسی ئایدز لە ئێران نەناسراون

16:02 - 11 جۆزەردان 2712
كوردپا: لێپرسراوی ناوەندی توێژینەوەی ئایدزی وەزراەتی تەندروستیی حكوومەتی ئێران رایگەیاند: لەو وڵاتە جیا لەوەی كە نزیك بە 24 هەزار كەسی تووشبوو بە ئایدز ناسراون، 100 هەزار كەسی دیكە ماوەن كە بناسرێن.

مینوو موحەرێز لە لێدوانێكدا بۆ هەواڵدەریی فارس ئاشكرای كردووە، هەرچەند وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران رێژەی ئەو كەسانەی كەلە رێگای پێوەندیی جینسییەوە تووش دەبن 10/3 كەس راگەیاندووە، بەڵام بەپێی ئامارەكانی ئەو ناوەندە 99%ی كەسانی تووشبوو كە سەردانی ئەو ناوەندەیان كردووە، خۆیان رایانگەیاندووە لە رێگای پێوەندیی جینسییەوە تووش بوون.

كەسانی تووشبوو بە ڤایرۆسی ئایدز لە رێگای خوێنی ئالوودە یان شیر لە دایكی نەخۆشەوە بۆ منداڵ، یان پێوەندیی جینسیەوە دەگوازرێتەوە و دەبێتە هۆی نەمانی بەرگریی جەستە لە بەرامبەر نەخۆشییە جۆراوجۆرەكاندا.

خانمی موحەرێز ئاماژەی بەوەش داوە، كە خەڵك لەمەڕ نەخۆشی و ڤایرۆسی ئایدز و شێوازەكانی پێشگیری و دەرمان كردنی زانیارییەكی ئەوتۆیان نیە.

لەلایەكی دیكەشەوە ئاماری بڵاو بۆوە لەلایەن رێكخراوی جیهانیی تەندروستییەوە بۆ ساڵی 2009 كەسانی تووشبوو بەو ڤایرۆسی ئایدز لە ئێران لە نێوان 74 هەتا 120 هەزار كەس راگەیەنرابوو كە لەو رێژەیە 1200 كەسیان منداڵ بوون.

بەم دوایانە فەرشید یەزدانی ئەندامی ئەنجومەنی پشتیوانی لە مافی منداڵان لە ئێران لەبارەی بارودۆخی ئەو منداڵانەوە هۆشداری داوە كە سەرقاڵی كارگەلێكی وەك: كۆكردنەوەی زبڵ، كاری میكانیكیی پڕمەترسی و تەنانەت سواڵكەرین و دەكەونە بەر شێوازی جۆراوجۆری رووداو و خەسارە كۆمەڵایەتییەكان و راشیگەیاندووە: مەترسیی ئەم دیاردانە لەناو ئەو منداڵانەی كە بە \"منداڵانی كار\" بەناوبانگن 45 بەرابەر بۆتەوە.

لەلایەكی دیكەشەوە وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی ئیسلامیی ئێران ئامارێكی دیكەی بڵاو كردۆتەوە كە 91%ی تووشبوان بە ئایدز پیاوان و 9%یشیان لە ژنان پێكهاتوون و مەترسیی پەرەسەندنی نەخۆشیی ئایدزی بە \"بوركانی ئایدز\" وەسف كردووە.