سەبری حەسەن پوور بەڕێوەبەری کاناڵی سیمای ڕەهایی دەستبەسەر کرا

22:28 - 2 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کاناڵی تەلەفزیۆنی \"سیمای رهایی\" لە وڵاتی هولەند، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە ئێران دەستبەسەر کرا.

هەواڵدەرییە ناوخۆییەکانی ئێران، باسیان لە دەستبەسەر کردنی \"سەبری حەسەن پوور\" بەڕێوەبەری کاناڵی تەلەفزیۆنی سیمای ڕەهایی کە بۆ سەردان و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی گەڕابووه ئێران، کرد.

تەلەفزیۆنی سیمای ڕەهایی بەرنامە گەلێکی ڕەخنەگەرانەی دژی سیاسەتەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و هەروەها وتووێژکردن لەگەڵ کەسایەتییە ناسراوەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بڵاو دەکاتەوە.

هەروەها حەسەن پوور وەکوو وتەبێژی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێران بۆ ڕزگاریی ئێران ناسراوە.

هێندێک لە ڕاگەیەنەکانی نزیک لە حکوومەتی ئیسلامی، وێڕای هێماکردن بە بابەتی \"نفووزی فەرهەنگی و نفووزی دوژمنانی نیزام\" داوکاری سەرنجی زیاتر لە سەر \" نفووزی دژە شۆڕش\" لە ناوخۆی ئێرانن.

لە کاتی پڕۆپاگەنداکانی سەرکۆماری لە ساڵی ٩٢، حەسەن ڕووحانی بەڵێنی دابوو، ئەو هاووڵاتییە ئێرانییانەی کە لە دەرەوەی وڵاتن دەتوان بگەڕێنەوە ئێران و هاوکاتیش هەوڵەکان لە ڕاگەیەنەکان بۆ گەڕانەوەی ئەو توێژە دەستی پێکرد.

هەر لەو پەیوەندییەدا ماوەیەک پێش ئێستا نازەک ئەفشاری فەرمانبەری باڵوێزخانەی فەرانسە لە تاران، لە سەرەتایی مانگی ڕەشەمەی ڕابردوو لە فڕۆکەخانەی خومەینی دەستبەسەر و بۆ زیندانی ئێوین ڕاگوێزرا.