سێ کۆڵبەر لە سنوورەکانی نەوسوود و پیرانشار بریندار بوون

10:45 - 26 بانەمەڕ 2721

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی "کۆسار و ئەکرەم ڕۆستەم‌نژاد"، کوڕی ئەحمەد و خەڵکی گوندی "شمشێر" سەر بە پاوە، بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران و بەربوونەوە لە بەرزاییەکانی سنووری نەسوود بریندار بوونە.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو تەقەی ڕاستەوخۆیان لە کۆسار ڕۆستەم‌نژاد کردووە.

هەروەها ئەکرەم ڕۆستەم‌نژاد لە کاتی کۆڵبەریدا، بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی بریندار بووە و دەستی شکاوە.

کۆسار ڕۆستەم‌نژاد بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی تاڵقانیی کرماشان کراوە.

کۆسار ڕۆستەم‌نژاد، خێزاندار و خاوەن دوو منداڵە.

کۆسار و ئەکرەم ڕۆستەم‌نژاد برای یەکترن.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی بانەمەڕ، کۆڵبەرێک بە ناوی "محەممەد میرزایی"، خەڵکی نەغەدە، لە سنووری پیرانشار بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بریندار بووە و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی پیرانشار کراوە.

ئەو کۆڵبەرە وێڕای گرووپێک لە کۆڵبەرانی دیکە، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو دراونەتە بەر تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران.