سێ کاسبکاری سەقزی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کران

10:35 - 18 رەزبەر 2721

ڕۆژی شەممە ١٧ی ڕەزبەر، سێ کاسبکاری سەقزی بە ناوەکانی "فاتێح، فەرهاد سۆهرابی و ئەحمەد شێخ ڕەحیمی"، لەلایەن ئیتلاعاتی شاری سەقزەوە بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کران و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمەڕ بانگهێشتکردنی ئەو سێ کاسبکارە سەقزییە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "بەهۆی گوشاری شارەداری و فەرمانداریی ئەو شارە بۆ سەر کاسبکارانی تەڕەبار و میوەفرۆشییەکانی سەقز، بە مەبەستی چۆڵکردنی شوێنی کارەکەیان و ناڕەزایەتی دەربڕینی ئەو سێ کاسبکارە، ئیتلاعات ئەو هاووڵاتییانەی بانگهێشت کردووە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، شارەداری و فەرمانداری بە کردنەوەی ڕیزە دووکانێک، داوایان لە هاووڵاتییان کردووە کە ئەو دووکانانە بکڕن، کاسبکارانی تەڕەبارفرۆشیی سەقزیش ئەو ڕیزە دووکانەیان بە نایاسایی زانیوە و ڕایانگەیاندووە کە خەڵک چیتر لە تەڕەبار و میوەفرۆشی شتەکان ناکڕن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "بانگهێشتکردنی ئەو سێ کاسبکارە لەسەر سکاڵای فەرمانداریی سەقز بووە کە لەلایەن فەرهاد سۆهرابییەوە لە کاناڵی تێلێگرامیی "پرسمان" باسی گەندەڵکارییەکانی فەرمانداریی کردبوو".

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا هەروەها زیادی کرد: "ئیتلاعاتی شاری سەقز پاش بانگهێشتکردنی ئەو سێ کاسبکارە، پێیانی ڕاگەیاندووە کە لە ئەگەری دووبارە ناڕەزایەتی دەربڕین، بەپێی یاسا لەگەڵیان هەڵسوکەوت دەکرێت".