سێ هاووڵاتیی کورد بە دانانی بارمتە لە زیندانی نەغەدە ئازاد کران

11:17 - 22 رێبەندان 2720

ڕۆژی سێشەممە ٢١ی ڕێبەندان، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ڕەحمان ئیبراهیمی"، "تالب ڕەیحانی" و "ڕەشید ڕەیحانی"، خەڵکی گوندی "شاوەلە" سەر بە شاری نەغەدە، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کران.

ئەو سێ هاووڵاتییە، پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەیان لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانەوە، بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوون.

ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بەفرانبار، ڕەحمان ئیبراهیمی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە پەسوێی پیرانشار دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە، ناوبراویان بە توندی دابووە بەر لێدان.

هەروەها  ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بەفرانبار، تالب و ڕەشید ڕەیحانی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

ئەو سێ هاووڵاتییە، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و پاش دەسبەسەری، بۆ لێپرسینەوە بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرابوون.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی دژی ئەو سێ هاووڵاتییە زانیارییەکی ورد لە بەردەستدا نییە.