سێ هاووڵاتیی کورد بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەیان ڕەوانەی زیندانی ورمێ کران

17:00 - 18 بەفرانبار 2720

سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "شارام کازمیان، سەفەر نووری و فەرهاد نووری" خەڵکی ورمێ، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەیان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ کران.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار، شارام کازمیان بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ، کرا.

شارام کازمیان لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو" بە پێنج ساڵ زیندانیی تەعزیریی مەحکووم کرابووە و ئەو حوکمە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨ بەو هاووڵاتییە ڕاگەیەندرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ١٢ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨، یەکەمین کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو" لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بەڕێوە چوو بوو و ئەو هاووڵاتییە بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران و پڕۆپاگەندە دژی نیزام" تاوانبار کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٩ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، شارام کازمیان بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملیۆن تەمەنی هەتا کاتی دەرچوونی بڕیاری دادگای  پێداچوونەوە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو و دواتر ئەو حوکمە پشتڕاست کرایەوە. دوای ناڕەزایەتیی دووبارە بەو حوکمە لە دیوانی باڵای وڵات بۆ سێ ساڵ زیندانیی تەعزیریی کەم کرایەوە.

ئەو هاووڵاتییە، ڕۆژی چوارشەممە، ١١ی بەفرانباری ساڵی ٩٨، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر کرابوو و  ١٢ی ڕێبەندان، پاش یەک مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بەفرانبار، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "سەفەر نووری و فەرهاد نووری" خەڵکی گوندی "ئەنبێـ"ـی ناوچەی تەرگەوەڕ، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەیان ڕەوانەی زیندانی ورمێ کراون.

مەحکوومکرانی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە،  لەلایەن لقی ١٣ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ بووە  کە حوکمی ٥ ساڵ تەعزیریان، بۆ ساڵێک زیندانیی تەعزیریی کەم کراوەتەوە.

مانگی خەرمانانی ئەمساڵ کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە لەگەڵ دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "عەلی عەزیزی و پەرویز نووری" لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بەڕێوە چوو کە لەوێدا، پەرویز نووری لە تۆمەتی ‌وەپاڵدراوی بێتاوان و سەفەر نووری و فەرهاد نووری و عەلی عەزیزی، بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی لە ڕێگای یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" هەر کامیان بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیریی مەحکووم کرابوون.

پاش ڕەوانەکردنی دۆسییەی ئەو کەسانە بۆ لقی ١٣ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، حوکمی سەفەر نووری و فەرهاد نووری، بۆ ساڵێک زیندانیی تەعزیریی گۆڕدرا و "عەلی عەزیزیـ"ـش بێتاوان ناسرا.

ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە، ڕێکەوتی ٢٤ی گەلاوێژی ساڵی ٩٨، لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کران و سەرەتا بۆ قەرارگای زێوە و دواتر بۆ قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدای ورمێ ڕاگوێزران.

ئەو چوار هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان، ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی خەرمانانی ساڵی ٩٨، بۆ بەندی ٣ و٤ زیندانی ورمێ، ڕاگوێزرابوون.

ڕۆژی شەممە ٢٠ی ڕەزبەری ساڵی ٩٨، پەرویز نووری و سەفەر نووری، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ورمێ ئازاد کران و ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕەزبەر هەمان ساڵ، عەلی عەزیزی و فەرهاد نووری هەر کامیان بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی لە زیندان ئازاد کران.