سێ هاووڵاتیی کورد بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیان ڕەوانەی زیندانەکانی سەقز و بیجاڕ کران

10:59 - 21 خەزەڵوەر 2720

ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خەزەڵوەر، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "حامید شێخی، نەبی مەلاوەیسە و ئەیووب کاکاخانی" بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەیان دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندانەکانی سەقز و بیجاڕ کران.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ئەیووب کاکاخانی، حامید شێخی و نەبی مەلاوەیسە، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکیان بۆ زیندانی سەقز ڕاگوێزراون و ئەیووب کاکاخانی بۆ زیندانی بیجاڕ ڕاگوێزراوە.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە لە دۆسییەکی هاوبەشدا، مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی"، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران " هەر کامیان بە ساڵێک زیندانی تەعزیریی مەحکووم و ئەو حوکمەش لە لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە، بۆ چوار مانگ زیندانی تەعزیری لەگەڵ هەژمارکردنی  ڕۆژانی پێشووی دەسبەسەرکرانیان، کەم کراوەتەوە.

ڕۆژی هەینی ٢٥ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٨، هێزە ئەمنییەتییەکان لە شاری سەقز، ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەیان بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر و پاش ٤٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانیان، ڕێکەوتی ٧ی خاکەلێوە ئەمساڵ، هەر کامیان بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، ئازاد کرابوون.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، خەڵکی شارەکانی سەقز و دیواندەرەن.