سێ هاووڵاتیی پیرانشاری حوکمی پازدە ساڵ زیندانیی تەعزیرییان بە سەردا سەپا

10:14 - 5 رێبەندان 2720

ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕێبەندان، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "نەجمەدین سوخەنوەر، تەمەن ٣٦ ساڵ، شۆڕش عەبدووڵڵانژاد، تەمەن ٣٧ ساڵ و سەلاح ئاجی، تەمەن ٥٠ ساڵ"، خەڵکی گوندی "گەرگولی خواروو" سەر بە پیرانشار، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە، هەرکامەیان ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیرییان بە سەردا سەپا.

دادگا ئەو سێ هاووڵاتییەی بە "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، شەوی یەکشەممە ٢٥ی خەزەڵوەر، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کرابوون.

ئەو سێ هاووڵاتییە پیرانشارییە، پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکەیان، نێوەڕاستی مانگی سەرماوەز، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە گرتنگە ئازاد کران و لە ماوەی دەسبەسەریدا لە "دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان"، بێبەری کرابوون.

وێنە: سەلاح ئاجی، نەجمەدین سوخەنوەر و شۆڕش عەبدووڵڵانژاد