سێ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" پاش دەسبەسەرکرانیان چارەنووسیان هەروا ناڕوونە

12:16 - 21 بانەمەڕ 2721

سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو حەوتوو لە دەسبەسەرکرانی سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ئارام مورادیان"، کوڕی عوسمان، "ئەمیر ڕەزایی"، کوڕی جەمیل، "ئارەش ئەحمەدی"، کوڕی ناسر و خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، لە چارەنووسی ناوبراوان زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو سێ هاووڵاتییە هەتا ئێستا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان"، بێبەری کراون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: "هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون لەبارەی چارەنووسی ئەو سێ هاووڵاتییە بە بنەماڵەکانیان، خۆ دەبوێرن".

ڕۆژی سێشەممە ٧ی بانەمەڕ، ئەو سێ هاووڵاتییە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

ئارام مورادیان و ئەمیر ڕەزایی مانگی بەفرانباری ٩٩، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرابوو.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو سێ هاووڵاتییە، زانیارییەکی ورد لە بەردەستدا نییە.