سێ هاووڵاتیی خەڵکی نەغەدە لەلایەن دەزگای قەزایی ئەو شارەوە سووکایەتییان پێ کرا

12:11 - 7 خەرمانان 2721

دادستانی شاری نەغەدە باسی لە دەسبەسەرکردنی سێ هاووڵاتیی ئەو شارە بەپێی بڕیاری یاسایی و گەڕاندنیان لەپێش چاوی خەڵکی ئەو شارە، بە بیانووی مڵۆزمی بە نامووس و تێکدانی ئەمنییەت کرد.

سەرچاوە خۆجێییەکانی شاری نەغەدە لە زمانی "نەوعی" دادستانی ئەو شارە بڵاویان کردووەتەوە، سێ لە تێکدەرانی نەزم و ئەمنییەتی گشتی کە بە هەوڵەکانیان ببوونە هۆی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ و مڵۆزمی بە نامووسی خەڵک؛ دەسبەسەر کران و بە حوکمی یاسایی لەپێش چاوی خەڵک لەو شارەدا گەراندبوویانن.

ئەو بەرپرسە قەزایی هەروەها ڕوو لە خەڵک وتوویەتی: "پەیامی من بۆ ئەو کەسانە کە مەبەستییانە نەزم و ئەمنییەتی گشتیی خەڵکی تێک بدەن، بەبێ هیچ جۆرە لێخۆشبوونێک بە توندترین شێوە سزا دەدرێن".

 سووکایەتی و بێڕیزی بە هاووڵاتییان لە حکوومەتی ئیران، کارنامەیەکی دوور و درێژی هەیە و پێشتریش و لە ساڵی ٩٢دا، هاووڵاتییەک بەناوی "توفیق داباش" لەلایەن هێزە ئینتزامییەكان و بە بڕیاری دادگای حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەشاری مەریوان، جلوبەرگی ژنانەی لەبەر كرابوو و لە شەقامەکانی ئەو شارەدا پیشانی خەڵک درابوو.