سێ هاووڵاتی لە شاری پیرانشار دەسبەسەر کران

11:22 - 1 سەرماوەز 2720

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سەلیم شوندە" خەڵکی گوندی "شێناوێـ"ـی شاری پیرانشار، پاش بانگهێشت‌کردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، دەسبەسەر کرا.

هەروەها ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر، هێزە ئەمنییەتییەکان هاووڵاتییەکی کوردیان بە ناوی "زاهیر پەس و پیش (جۆڵا)" کوڕی موراد خەڵکی گوندی "چیانە"ی شاری پیرانشار، دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری ورمێ، کراوە.

هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە.

لەو پەیوەندییەدا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی دیکەی کورد بە ناوی "هاشم مورادی" خەڵکی گوندی "شێناوێـ"ـی شاری پیرانشار، پاش بانگهێشت‌کردنی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، دەسبەسەر کراوە.

هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکانیان، بێئاکام ماوەتەوە.

هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و  تۆمەتی ‌وەپاڵدراوی دژی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا، نییە.

وێنە: سەلیەم شوندە و زاهیر پەس و پیش (جۆڵا)