سێ زیندانی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لەسێدارە دران

12:19 - 13 پووشپەڕ 2721

سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی پووشپەڕ، سێ زیندانی بە ناوەکانی "داوود قاسم‌زادە"، "بەهائەدین قاسم‌زادە"، هەر دووکیان کوڕی فەیسەڵ، خەڵکی گوندی "قۆرمک" سەر بە سەڵماس و هەروەها "ئەنوەر عەبدوڵڵاهی"، خەڵکی مەهاباد، لە زیندانی ناوەندیی ورمی لەسێدارە دران.

ئەو سێ زیندانییە ڕۆژی شەممە ١٢ی پووشپەڕ، بۆ جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون.

ڕۆژی ڕابردوو، لێخۆشبوونی نێونەتەوەیی خوازیاری ڕاگرتنی لەسێدارەدانی بەهائەدین قاسم‌زادە، کودک ـــ مجرمی مەحکووم بە ئێعدام بووە.

لێخۆشبوونی نێونەتەوەیی ڕایگەیاندووە: "بەهائەدین قاسم‌زادە لە سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٨ دەسبەسەر کرا و زیاتر لە ١٠ ساڵە کە لە سەفی ئێعدامدایە. بەپێی ئەو زانیارییانە کە لەلایەن چالاکانی مافی مرۆڤەوە بەدەست گەیشتووە، حوکمی مەحکوومکردن و ئێعدامی ناوبراو لە دادگایەکی نادادپەروەرانەدا لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩١، لەلایەن دادگایەکی کەیفەری لە ورمێ بەسەریدا سەپێندرا و لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٢، لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرایەوە. بەشێک لە هۆکاری مەحکوومکردنی ناوبراو "دانپێدانانێک" لە خۆ دەگرێت کە بەپێی قسەکانی بەهائەدین قاسم‌زادە ئەو دانپێدانانە لە ڕێگەی ئەشکەنجەدان لە گرتنگەی پۆلیسی ئاگاهیی ورمێوە لە ناوبراو وەرگیراوە.

داوود و بەهائەدین قاسم‌زادە، لە ڕێکەوتی ١٢ی سەرماوەزی ٨٨، بە تۆمەتی کوشتنی دوو کەس لە شەڕ و تێکهەڵچوونێکی تایفەیی، دەسبەسەر کرابوو.

هەروەها ئەنوەر عەبدوڵڵاهی، پیشتر بە تۆمەتی "قەتڵ" بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.