سینەماكاری ئەمریكایی "وەرزی كەرگەدەن"ی بەهمەن قوبادی لە دنیا پێشكەش دەكات

13:49 - 22 خەرمانان 2712
ئاژانسی کوردپا: \"مارتین ئیسكۆرسیزی\" سینەماكاری ئەمریكایی فیلمی سینەمایی \"وەرزی كەرگەدەن\" ی \"بەهمەن قوبادی\" لە بەشی تایبەتیی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی \"تۆرێنتۆ\" و هەروەها سەرتاسەری جیهان پێشكەش دەكات.

بەپێی راپۆرتی بەشی پێوەندییە گشتییەکانی فیلمی سینەمایی \"وەرزی كەرگەدەن\" Rhino Season دوایین بەرهەمی سینەماكاری بە ئەزموونی كورد \"بەهمەن قوبادی\"، ئەم بەرهەمە لە یەكەمین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا لە بەشی تایبەتیی سی و حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی \"تۆرێنتۆ\" لە وڵاتی كانەدا نمایش دەكرێت و لە یەكەمین تیزێری ئەم فیلمەدا، سینەماكاری بەناوبانگ و بە ئەزموونی جیهان \"مارتین ئیسكۆرسیزی\" Martin Scorsese ئەم فیلمە نوێیەی قوبادی لەم فیستیڤاڵە و هەروەها لە سەرتاسەری جیهاندا پێشكەش دەكات.

\"وەرزی كەرگەدەن\" لە بەشی تایبەتیی 37مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی \"تۆرێنتۆ\" لە یەكەمین نمایشی خۆیدا و بە ئامادەبوونی بەهمەن قوبادی و ئەكتەرە پیشەییەكانی سینەمای جیهان، وەك: \"بێهرووز وسووقی\"، \"مۆنیكا بێلوچی\"، \"بێران سات\"، \"یەڵماز ئوردووگان\" و \"بئێلجیم بێلگین\" كە لەم فیلمەدا رۆڵیان بینیوە، كاتژمێر 9ی شەوی 22ی خەرمانانی 1391ی هەتاوی (12ی سێپتامبری 2012ی زایینی) نمایش دەكرێت و لە پاشاندا لە دوو سانسی جیاوازدا لە كاتژمێر 45/12ی نیوەڕۆی رۆژی 23ی خەرمانان و هەروەها كاتژمێر 45/8 خولەكی شەوی 25ی خەرمانان لە شاری تۆرێنتۆ نمایش دەكرێت.
\"6051.jpg\"
لە درێژەی ئەو راپۆرتەدا هاتووە سینەماكاری ئەمریكایی مارتین ئیسكۆرسیزی هۆگرییەكی تایبەتی بە بەرهەمە سینەماییەكانی بەهمەن قوبادی هەیە و لە ئەرشیڤی خۆیدا لە ئۆفیسەكەی لە سەرتاسەری جیهان، 100 فیلمی باشیان دەست نیشان كردووە كەلە نێوانیاندا 3 بەرهەمی سینەماكاری كورد بەهمەن قوبادی بەرچاو دەكەوێت، لەوانە: فیلمی سینەمایی \"كاتێك بۆ مەستیی ئەسپەكان\"، فیلمی سینەمایی \"گۆرانییەكانی وڵاتی دایكیم\" و فیلمی سینەمایی \"كەسێك ئاگای لە پشیلە ئێرانییەكان نیە\".

لە یەكەمین تیزێری فیلمی سینەمایی \"وەرزی كەرگەدەن\"دا كە چەند رۆژە ئامادە كراوە و لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتێر Twitter بڵاو كراوەتەوە، \"مارتین ئیسكۆرسیزی\" ئەم فیلمەی \"بەهمەن قوبادی\"ی پێشكەش بە هۆگرانی سینەما لە سەرتاسەری جیهان دەكات.

بەهمەن قوبادی ماوەی 3 ساڵ و نیوە لە وڵاتی ئێران دوورە و ساڵی پار بە بەشداریی كۆمەڵێك لە ئەكتەرە ناودارەكانی سینەمای ئێران و توركیە، فیلمی سینەمایی \"وەرزی كەرگەدەن\"ی لە شاری ئەستەمبۆڵ لە وڵاتی توركیە وێنە گرت.
ئەم فیلمە چیرۆكی شاعیرێكی كورد بۆ بینەر دەگێڕێتەوە كە لە رێگای شیعرەكانییەوە بە شوێن ژیانی ونبووی خۆیدا دەگەڕێت. قوبادی لەم فیلمەشدا لە دەرەوەی وڵات، وەكوو فیلمەكانی پێشووی لەسەر بابەتێكی كوردی ئەم فیلمەی ساز كردووە.

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی \"تۆرێنتۆ\" كە یەكێكە لە فیستیڤاڵە گرینگ و پلە یەكەكانی سینەمای جیهان، بە بەشداریی بەرهەمی سینەماكارانی ناودار و بەئەزموونی سەرتاسەری جیهان لە چەندین بەشی جۆراوجۆری پێشبڕكێی و دەرەوەی پێشبڕكێی لەوانە: بەشی \"فیلمسازە سەربەخۆكان\"، بەشی \"مامۆستایان\"، بەشی \"كەشفی بەهرەمەندان\" و بەشی \"دیكیۆمێنتاری\" لە رۆژانی 16 هەتا 26ی خەرمانان لە شاری تۆرێنتۆ لە وڵاتی كانادا بەڕێوە دەچێت.