سینا نیک‌پێی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا

10:49 - 30 خەزەڵوەر 2720

ڕۆژی چواڕشەممە ٢٨ی خەزەڵوەر، مێرمنداڵێکی کورد بە ناوی "سینا نیک‌پێی" تەمەن ١٦ ساڵ کوڕی کامڕان خەڵکی گوندی "نێـ"ـی مەریوان، بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی، هەتا کۆتایی قۆناغی دادڕەسییەکەی بە شێوەی کاتی لە گرتنگە ئازاد کرا.

ڕۆژی سێشەممە ٦ی خەزەڵوەر، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەو مێرمنداڵەیان لە بەرانبەر ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری مەریوان، دەسبەسەر کردبوو.

سینا نیک‌پێی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، چەند جار پەیوەندیی تەلەفوونیی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری کرابوو.

ئەو مێرمنداڵە بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگەکانی هێزە ئەمنییەتییەکان لە شاری سنە، کرابوو.

هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەو مێرمنداڵە مەریوانییە هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.