سیمیناری \" هەورامان ناسی\" لە زانکۆی کوردستان بەڕێوە چوو+ وێنە

15:46 - 12 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: زانکۆی کوردستان لە شاری سنە میواندارییەتی سیمیناری\" هەورامان، مرۆڤ، سروشت و ژیانی\" کرد و تێیدا باس لە تۆمارکردنی ئاسەوار و بەرهەمەکانی ئەو ناوچەییە لە ریزی ئاسەوارە جیهانییەکاندا کراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەیی کوردپا، ڕێکەوتی ١٠ی بانەمەڕ سیمیناری میللی هەورامان بە ئامانجی ناساندنی ناوچەی هەورامان بە جیهان، پاراستن و پەرەپێدان بە بایەخەکان، هەروەها پێداگری لەسەر تۆمار کردنی لە ریزی بۆنە و ئاسەوارە جیهانییەکاندا، بەرێوە چوو.

لەو سیمینارەدا کە زانکۆی کوردستان بەڕێوە چووە تێیدا ژمارەک کەسایەتی ئەکادیمی، ئوستانداری کوردستان، بەرپرسانی دەوڵەتی و خەڵکی ناوچەی هەورامان بەشدار بوون.

شێوازی کەڵک وەرگرتن لەئاو و سەرچاوە سروشتییەکان، بینا سازی، پێکهاتەی خەڵک، کشت و کاڵ، ئایین و نەریتەکان، رێگا و ناوچە کوێستانییەکان، ئاواز و مۆسیقا، رەنگدانەوەی سروشت لە هونەردا، شوێنە گەشتیارییەکان، پیشە دەستییەکان، بژێوی ژیان و ژن وەکوو سەمبولی بەردەوامی ژیان و .... لەباسە سەرەکییەکانی سیمینارەکە بووە کە لەچەندین پانێلی جیادا تاوتوێ کراون.

ئەو سیمینارە لە دوو رۆژدا بەڕێوە چووە و لە رۆژی یەکەمدا چەندین باس و بابەتی گرینگ لەلایەن کەسانی ئەکادیمی و شارەزاوە هاتووەتە بەر باس و لە رۆژی دووهەمیشدا لە ناوچەی هەورامانی تەخت رێوڕەسمی کۆمسای بەڕێوە چووە.

لەو سیمینارەدا پێداگری لەسەر تۆمارکردنی بۆنە و نەریتەکانی هەورامان لە ریزی ئاسەوارە جیهانییەکاندا کراوە و لەو بارەیەوە سەرپەرەستی گشتی میرات فەرهەنگی ئوستانی کوردستان وتوویەتی: بە پێی یاسای کۆنوانسیۆنی میرات جیهانی، بۆ تۆمار کردنی هەر ئاسەوارێک پێویستە چەند تایبەتمەندیی هەبێ و هەوڵەکانیشمان لەو پێوەندییەدا چڕتر کردووەتەوە.

رەسوول ئەشتۆدان باسی لەوەش کردووە، ئاسەوارەکانی ناوچەی هەورامان شایانی تۆمار کردن لەریزی ئاسەوارە نێودەوڵەتییەکان دان و هیوادارین لەساڵی ١٣٩٥دا شایەتی ئەو تۆمار کردنە بین.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسی گشتی لێژنەی زانستی سیمیناری میللی هەورامان، مرۆڤ، سروشت و ژیان باسی لەوە کردووە، ٧٠ بەرهەم و بابەتی زانستی و توێژینەوەیی بە دەستی بەڕێوەبەرانی سیمینارەکە گەیشتووە و ١٤ بابەت لە سیمینارەکەدا پێشکەش دەکرێن.

ئومید وەرزەندە ئەوەشی خستووەتەڕوو، بابەتە سەرکەتووەکان کەلەلایەن لێژنەی هەڵسەنگاندنەوە دەنگیان پێدار لە دووتۆیی کتێبێکدا بە زمانەکانی فەرانسەویی، ئینگلیزی و فارسی جاپ و بڵاو دەکرێتەوە.

مەلا ئەحمەد نەزیری، عوسمان هەورامی، محەممەدشەریف عەلیرمایی و مەهدی سنەیی لەو کەسانە بوون کە رێزییان لێگیراوە و لەوحی ریزلێنانیان پێشکەش کراوە.

لە رۆژی دوویەمی سیمینارەکەدا هاووڵاتیان و بەشێک لەبەشداران چوونەتە ناوچەی هەورامانی تەخت و جێژنی کۆمساییان بەڕێوە بردووە.

رێوڕەسمی پیرشالیار لە دوو وەرزی بەهار و زستاندا بەڕێوەدەچێت، کە جێژنی کۆمسای ٤٥ رۆژ پاش نەورۆز ئەنجام دەدرێت و وشەی (کۆم) بە مانای کۆمەڵ و (سای) بە مانای ساوینەوەیە.

هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی زەماوەندی پیرشالیار لە شاری هەورامان، پیشانگەیەکی پیشە دەستییەکانیش بەڕێوە دەچێت.

ئەم رێوڕەسمە چەندین بڕگەی جیاوازی وەکوو \"خەبەر\" و \"کڵاو و رۆچنە\" و ... لە خۆ دەگرێت.

هەورامانی تەخت، کە سەربە شارستانی سەوڵاوا لە ئوستانی کوردستانە، نزیک بە ٤ هەزار کەس حەشیمەتەوە لە ١٦٠ کیلۆمیتریی شاری سنە هەڵکەوتووە و ساڵی ٩٠ بووە بە شار.

\"26293.jpg\"

\"26290.jpg\"

\"26289.jpg\"

\"26288.jpg\"

\"26292.jpg\"

\"26286.jpg\"

\"26287.jpg\"

\"26285.jpg\"