سکاڵانامەی زیندانییەکیی سیاسیی کورد روو لە ناوەند و رێکخراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ

17:22 - 6 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی ٧٢ ساڵی کورد بەهۆی هەڵسووکەتی نەشیاوی ئەفسەر نیگابانی زیندانی رەجایی شاری کەرەج، سکاڵانامەیەکی روو لە رێکخراو و ناوەندە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ بڵاو کردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٤ی جۆزەردان نامێق مەحموودی لە کاتی چوون بۆ نەخۆشخانە بەهۆی ئەوەی کە کارتێکی تەلەفۆن لە گیرفانیدا بووە، لەلایەن یەکێک لە مەئموورانی ئەو زیندانەوە بەناوی \"مەهدی موختاری‌فەر \"درایە بەر لێدان و بەو هۆیەوە ئەو زیندانییە کوردە لەهۆش خۆی چوو.

ئەو مەئموورە لەلایەن \"محەممەد مەردانی\" بەرپرسی زیندانی رەجایی شار، بەهۆی لێدان ئەو زیندانییە بە ساڵاچووە و بەنیشانەی تەشویقی، چەند رۆژێک مەرەخەسی پێ‌درا.

نامێق مەحموودی ماوەی ١٤ مانگە بۆ چارەسەریی نەخۆشییەکەی هاتوچۆی نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان دەکات و هەر لەو پەیوەندییەدا چەند رۆژ پێش ئێستا بە پاوەن و دەستبەندەوە و هاوڕێ لەگەڵ چەند مەئمووری زیندان رەوانەی نەخۆشخانە کرابوو.

دادستانی گشتیی تاران بەمەبەستی ساڕێژ بوونەوەی ئاسەواری ئەو لێدانە و هەروەها پێشگیری لە ناڕەزایەتی دەربڕینی هاوبەندییەکانی، \"نامێق مەحموودی\" بۆ ماوەی ١٢ کاتژمێر لە قەرەنتینەی زیندان راگرتبوو.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی \"رەجایی شاری کەرەج\"ەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: نامێق مەحموودی بە هاوکاریی هاوبەندییەکانی خۆی سکاڵانامەیەکی ئامادە و رادەستی دەزگای قەزایی ئێران کرد و تێیدا داوای لە سەرجەم رێکخراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ و ئینسانە ئازادیخوازەکان کرد بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەکرێ، لە دووپات بوونەوەی ئەو \"جینایەتانە\" کە هەموو رۆژێک لەلایەن یەکێک لە مەئموورانی زیندانەوە بە دژی زیندانیانی سیاسی ئەنجام ئەدرێت، پێشگیری بکەن.

ئەو زیندانییە کوردە پاش ١٤ مانگ لە دەستبەسەر کران هەتا ئێستا دادگایی نەکراوە و پەروەندەکەی بە ناڕووونی ماوەتەوە.

نامیق مەحموودی رێکەوتی ١٧ی خاکەلێوەی ١٣٩١ی هەتاوی هاوڕێ لەگەڵ ٣ کوڕی خۆی بە ناوەکانی \"مەنووچێهر، بێهنام و بێهزاد\" و کەسێکی دیکە بە ناوی \"عوسمان قادری\" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری سەقزەوە لە گوندی ئێرانشا دەستبەسەر کران.