سڕینەوەی ناوی بەلووچستان لە سەر بنرە کانی حەوتووی وه‌حده‌ت

15:37 - 8 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: هاوکات لەگەل دەستپێکردنی حەوتووی وه‌حده‌ت لە ئێران، لە سەر بنری ڕێکلامەکانی شاری زاهیدان، لە ژێر ناوی\"جێژنی گەورەی وه‌حده‌ت\" ناوی بەلووچستان وەلا نرابوو.

بەبۆنەی حەوتووی وه‌حده‌تەوە، کۆبوونەوەیەک لە زانکۆی سیستان و بەلووچستان بە بەشداریی هونەرمەندانی میللی و ئوستانی بەڕێوەچوو کە لە شوێنی کۆبوونەوەکە بە جێگەی زانکۆی سیستان و بەلووچستان، لەسەر بنرە هەڵواسراوەکان، بەتەنیا ناوی سیستان نووسرابوو، ئەمە لە کاتێکدایە کە ناوی زانکۆکە بەپێی پارێزگاکە ناوی \"زانکۆی سیستان و بەلووچستان\"ە.

ساڵی ڕابردوو هاوکات لەگەڵ پێشنیاری دابەشبوونی پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە لایەن یەکێک لە نوێنەرانی مەجلیسەوە هێندێک لە ئیدارەکانی دەوڵەتی لەو پارێزگایە ناوی بەلووچستانیان سڕییەوە و لە زۆربەی هەواڵدەرییەکانی دەوڵەتی، بە شێوە فەرمی و غەیرە فەرمی ناوی سیستان نووسراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کەمپینی چالاکانی بەلووچ، ئەو پرسە لەگەڵ دژکردەوەی پێشنوێژی هەینی، فەرهەنگیان، ڕووناکبیران، خەڵک و چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرەوڕوو بووەتەوە.

بێجگە لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵکی بەلووچ لە شارەکانی نێرماشێر، ڕێگان، فەهرەج لە پارێزگای کرمان، نەهەبەندان و سرخێس لە پارێزگای خۆراسان و جاسک و بەشاگرد لە پارێزگای هورمزگان، لارستان و سیستان نیشتەجێن.