سپای پاسداران لە گوندی "سارووجە"ی سایین‌قەڵا بە باتۆم هێرشیان کردووەتە سەر جووتیاران

12:08 - 26 خەرمانان 2720

چەند ڕۆژ پێش چەند کەسێک لە ئەندامانی سپای پاسداران بە مەبەستی دەرهێنانی "زێڕ" لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی گوندی "سارووجە"ی شاری سایین‌قەڵا، دەستیان بە هەڵکەندنی ئەو زەوییەکان کردووە  ئەمەش ناڕەزایەتیی خاوەن زەوییەکانی لێکەوتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کەسانە هەموو سەر بە سپای پاسداران بوون و دەستیان کردووە بە هەڵکەندنی زەویی کشتوکاڵیی جووتیاران و سەرەڕای ناڕەزایەتیی جووتیاران، ئەندامانی سپای پاسداران بە باتۆم هێرشیان کردووەتە سەریان.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتی: "ئەگەری هەیە سپای پاسداران بەهۆی بوونی زێڕ لەو شوێنە، دەست بەسەر زەویی جووتیارەکاندا بگرێت".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، هەمان شەو کاتژمێر ١٢ی شەو هێلیکۆپتێر زۆر بە نزمی بەسەر ئاسمانی گوندی سارووجەدا سووڕاوەتەوە و ئینتێرنێتی گوندەکەشیان پچڕاندووە.