سووکایەتیی بەرپرسانی حکوومەتی ئێران بە ژنە فڕۆکەوانێکی کورد

13:56 - 20 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی حکوومەتی ئێران لە جێگەی هاوکاری کردنی ژنە فڕۆکەوانێکی کورد، پێیان راگەیاندووە، بڕۆ مێــرد بکە و لە ماڵەوە دانیشە، کارت بە فڕۆکەوانی چییە؟!

خەدیجە سەیفی کچە فڕۆکەوانی کورد بە هەواڵدەریی \"ئیسنا\"ی راگەیاند: ماوەی زیاتر لە ٢ ساڵە بۆ دابین کردنی تەنیا بەشێک تێچووی خوێندنی خۆم سەردانی سەرجەم بەرپرسانی و تەنانەت نوێنەرانی پارێزگای کرماشانیشم لە مەجلیس کردووە و هەتا ئێستا هیچ وڵامێکیان پێ نەداومەتەوە.

بۆیە ئەگەر بەم شێوەیە ژاکاو و پەرێشان دیارم، بێ گومان ئاکامی کەمتەرخەمی و نابەرپرسیارەتیی بەرپرسانێکە کە پێیان دەڵێن بەرپرس!!!

لە وڵاتی ئێران تەنیا ٩ ژن لە زانستگەی فڕۆکەوانی سەرقاڵی خوێندنن کە بە هۆی ژن بوونیانەوە هیچکامیان هاوکارییان ناکرێت و کەوتوونەتە پەراوێزەوە.

ئەو کچە فڕۆکەوانە کوردە ئاماژەی بەوەشدا، مەگەر ئەرکی بەرپرسان پێڕاگەیشتن بە کاروبار و کێشەی هاووڵاتییاندا نییە؟ مەگەر من یەکێک لە هاووڵاتییانی ئەم وڵاتە نیم؟ ئایا هەندێک هاوکاری تاکە ژنێک کە لە پارێزگای کرماشانەوە کە لە خولەکانی فڕۆکەوانیدا سەرقاڵی راهاتنە، کارێکی نابەرپرسانەیە کە بەرپرسان ئەنجامی نادەن؟ خۆزگە بمزانیبا کاری بەرپرس و بەرپرسان لە وڵاتی ئێمە چییە؟

خەدیجە سەیفی باسی لەوەش کرد، ماوەیەک پێش ئێستا سەردانی یەکێک لە بەرپرسانی پاریزگای کرماشانم کرد بەڵکو یارمەتیم بدات کە بتوانم هەندێک وام وەر بگرم، بەڵام ئەو بەرپرسە لەو پەڕی بێ‌شەرمیدا نامەکەی دایەوە بە سەروچاومدا و پێ راگەیاندم، بڕۆ مێــرد بکە و لە ماڵەوە دانیشیشە، کارت بە فڕۆکەوانی چییە؟

سەیفی ئاشکرای کرد، هەتا ئێستا لە چەندین زانستگەی فڕۆکەوانیی وڵاتانی ئوروپایی و ئامریکایی بە فەرمی بانگهێشت کراوم و زۆر جار پەیوەندیییان پیوە گرتووم و داوایان لێکردووم کە لە زانستگەی ئەو وڵاتانەدا درێژە بە خوێندن بدەم کە تەنیا لەبەر خۆشەویستیی ئاخێزگە و نیشتمانی خۆم وەڵامم نەداونەتەوە.

خەدیجە سەیفی ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی لە شاری کوردنشینی کرماشان لە دایک بووە ساڵی ١٣٨٧ بۆ یەکەمجار خولیای فڕینی بەدیهات و توانی بە فڕۆکە بفڕێت و دواتر خولەکانی راهاتنی فڕۆکەوانی فڕۆکە بچووکەکان(UL)ی لە ژێر چاوەدێریی کاپیتان \"پوورمەند\" تێپەڕ کردووە.