سومەیە کارگەر، چالاکی مەدەنیی ئیلامی لەگەڵ چوار کەسی دیکە بە ٣٨ ساڵ زیندان مەحکووم کران
سومەیە کارگەر، چالاکی مەدەنیی خەڵکی ئیلام، لەگەڵ چوار کەسی دیکە بە ناوەکانی "ناهید تەقوایی، بەهارە سلێمانی، نازەنین محەممەدنژاد و مێهران ڕەئووف، لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی شاری تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر "ئیمان ئەفشاری"، سەرجەم بە ٣٨ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کران.
هەوااڵدەریی "هێرانا" لەو بارەیەوە بڵاوی کردووەتەوە ئەو ٥ کەسە بە تۆمەتی "بەشداری لە ئیدارەکردنی گرووپی نایاسایی و چالاکیی پڕۆپاگەندە دژی نیزام" تاوانبار و ناهید تەقوایی و مێهران ڕەئووف، بە ١٠ ساڵ و ٨ مانگ زیندانیی تەعزیری، سومەیە کارگەر و بەهارە سلێمانی بە ٦ ساڵ و ٨ مانگ زیندانیی تەعزیری، نازنین محەممەدنژاد بە ٣ ساڵ و ٤ مانگ زیندانیی تەعزیری، مەحکووم کراون.
سومەیە کارگەر، هاووڵاتیی خەڵکی شاری ئیلام و دەرچووی بەشی فەلسەفە لە زانکۆی تەورێز، ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەزبەرساڵی ٩٩، لەلایەن مەئموورانی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، لە ماڵەکەی خۆیدا، لە تاران دەسبەسەر کرابوو و بۆ بەندی ٢ی ئەلفی گرتنگەی ئیڤین ڕاگوێزرابوو و پاش ٤ مانگ لێکۆڵینەوە بۆ زیندانی قەرەچەکی وەرامین گوێزرابوو.
ئەو چالاکە مەدەنییە ڕۆژی چوارشەممە ٨ی بانەمەڕ ، پاش نزیک بە ٦ مانگ لە بەندی ٢ی ئەلفی زیندانی ئیڤین و زیندانی قەرەچەک بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی لە ئازاد کرابوو.