سنە/ کرێکارێکی ژن گیانی لە دەستدا

16:33 - 12 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی گیان لە دەستدانی کرێکاران بە هۆی رووداوی کارەوە لە کوردستان، ژنە کرێکارێکی تەمەن ٣٠ ساڵەی خەڵکی سنە گیانی لە دەستدا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی ٤ شەممە ٩ی بانەمەڕ ژنێک بە ناوی شەهێن ئەحمەدبەگ‌جان لە کاتی کار لە کارگەی\"بەستنی سازی\"هەڵکەووتو لە شارەکی سنە تووشی ئەو رووداوە بووە.

دەوترێ دەزگای بەستەنی سازییەکە سەرەتا دەستی ئەو ژنەی کێشاوەتە نێو دەزگاکە و دواتریش سەرجەم جەستەی بۆ نێو دەزگاکە راکێشراوە و هاڕدراوە.

هەواڵدەریی ئیلنا لە زاری کرێکارانی ئەو کارگەیەوە بڵاوی کردووەتەوە، پێشتریش چەندین کرێکاری دیکە بە هۆی رووداوی لەو چەشنەوە بوونەتە قوربانی.

نزیکەی ٣٥ ژن لەو کارگەیە بە شێوەی راستەوخۆ کار دەکەن کە لە هاوینی ساڵی رابردوودا دەستیان بەکار کردووە.

بەپێی ئامارێک، ساڵی پێشوو، ٣٦٥ حاڵەتی رووداوی کار لە ئوستانی کوردستان تۆمار کراوە، کە لە کۆی گشتی ئەو رێژەیە ١٠حاڵەتیان بووەتە هۆی گیان لە دەستدانی کرێکاران.

ئەو ئامارە لە دامەزراوە فەرمییەکانی کرێکاران کۆ کراوەتەوە و کارگەکانی کەمتر لە ١٠ کرێکار لەخۆ ناگرێت و ئەو پرسە راستی و دروستی رێژەی مەرگی کرێکارانی کوردستان دەباتە ژێر پرسیارەوە.

لەلایەکی دیکەوە ساڵانە ١٤٠٠ کەس لە ئێراندا بە هۆی رووداوی نەخوازراوی کار گیانیان لە دەست دەدەن.

جێگری پێوەندی کار و باری کۆمەڵایەتی لەو بارەیەوە رایگەیاندوو: ژمارەیەکی زۆریش کرێکار بە هۆی نەخۆشی سەرجاوەگرتوو لەکارەوە گیان لەدەست دەدەن و ئەوەش وەکوو کێشەیەک بەرۆکی کارێکارانی گرتووەتەوە.

بە وتەی حەسەن هەفدەتەن، لە سەدا ٤٣.٨ مردنی کرێکاران لە بەشی بیناسازییداروو دەدات و ئەگەریش خەسارناسی بۆ رووداوی کار لە ئێراندا بکەین ئەوە قوولایی قەیرانەکەمان زیاتر بۆ دەردەکەوێت.