سنە/ هێرشی سەلەفییە توندرەوەکان بۆ سەر هاووڵاتییان و برینداربوونی ٦ سەلەفی

19:19 - 3 جۆزەردان 2721

ڕۆژی یەکشەممە ٢ی جۆزەردان، سەلەفییە جیهادییەکان لە گەڕەکی حاجی ئاوای شاری سنە، هێڕشیان کردبووە سەرهاووڵاتییەک بە ناوی "عەتا باغەبانی" کوری وەفا كه‌ لەو شەڕوهێرشەدا، ئەو هاووڵاتییە ٦ کەس لە سەلەفییە توندڕەوەکانی بریندار کردبوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پاش ئەو شەڕە، سەلەفییە جیهادییەکان هەڕەشەیان لە دانیشتووانی گەڕەکی حاجی‌ئاوای شاری سنە کردبوو کە تۆڵەی بریندار کردنی ئەو ٦ کەسە دەکەینەوە و خەڵکی ئاسایی بۆ داکۆکیکردن لە خۆیان لە شوێنێک بە ناوی "سر ایستگاە" کۆببوونەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، دۆخی گەڕەکی حاجی‌ئاوای خوارەوە، لە ترسی هێرشی سەلەفییە جیهادییەکان بۆ سەر هاووڵاتییان، زۆر ئاڵۆز بووە و خەڵکی ئەو گەڕەکە لە ترسی سەلەفییەکان هەتا نیوەشەو هەر لە کۆڵانەکاندا، بوون.

ئەو سەرچاوەیە لە کۆتاییدا، دەڵێت: جیا لە بریندارکردنی  ئەو ٦سەلەفییە، زیاتر لە ٢٠ كه‌سی دیكه‌یان دەسبەسەر کراون و بریندارەکانیش ڕەوانەی نەخۆشخانەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی شاری سنە، کراون.

لەو پەیوەندییەدا، ماڵپەڕی کوردستان میدیا، زمانحاڵی حدکا لە هەواڵێکدا پێشتر باسی لەوه‌ كردبوو كه‌ دەستەیەک لە سەلەفییە جیهادییەکان لە شاری سەقز   بە ناوەکانی ''ئەمین ئەحمەدپوور ناسراو بە ئەمین عەبە قلوو، پەیمان غەفاری و ئەرسەلان ڕەزایی'' و کۆمەڵێکی دیکە بە چەقۆ و شمشێر هێرشیان کرده‌ سەر چەند لاوی ئەو شارە و زۆر بەسەختی برینداریان کردبوون.