سنە/ رەوتی بانگهێشت کردنە ئەمنیەتیەکان لە کوردستان درێژەی هەیە

22:32 - 6 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی شەپۆلی بانگهێشتی چالاکانی کورددا، چالاکێکی دیکەی فەرهەنگی خەڵکی شاری سنە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگهێشت کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند رۆژی رابردوودا، چالاکێکی فەرهەنگی بە ناوی عێرفان ساعدپەنا بەرپرسی ئەنجومەنی \"هەوراز\" و یەکێک لە مامۆستایانی زمانی کوردی لە شاری سنە، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات و لێکۆڵینەوەی لێکراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو پەیوەندییەدا بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای راگەیاند: ئەو چالاکە فەرهەنگیە لەو ماوەیەدا لە ژێر گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکاندا بووە.

\"27086.jpg\"
هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەت بەربەستیان بۆ چالاکییە فەرهەنگی و مەدەنییەکانی عێرفان ساعدپەنا دروست کردووە
ئەو سەرچاوە ئەوەشی خستەڕوو کە هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەت بەربەستیان بۆ چالاکییە فەرهەنگی و مەدەنییەکانی عێرفان ساعدپەنا دروست کردووە.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە، هۆکاری بانگهێشت کردنی ئەو چالاکە فەرهەنگیە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە روون نەبووەتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ٢٧ی جۆزەردان ئەمساڵ، کاوە خۆسرەوی کوردستانی، خوێندکاری کارناسی باڵای زانکۆی پەیامی نووری سنە، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو و هەتا ئێستا هۆکاری بانگهێشت و دەستبەسەر کردنی ئەو چالاکە کوردە لەلایەن ئێدارەی ئیتلاعاتەوە روون نەبووەتەوە.