سنە؛ چارەنووسی پێنج هاووڵاتیی کورد پاش دەسبەسەرکرانیان هەروا ناڕوونە

13:26 - 16 پووشپەڕ 2721

لە چارەنووسی پێنج هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "کاوە منبەری، شێرکۆ منبەری، پەیام منبەری، سەریاد منبەری و میکائیل منبەری"، زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەمەڵەی ئەو پێنج هاووڵاتییە، هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون لەمەڕ چارەنووسی ناوبراوان خۆ دەبوێرن و هەروەها هەتا ئێستا لەگەڵ ئازادیی کاتیی ئەو پێنج هاووڵاتییە ڕەزایەتمەندییان دەرنەبڕیوە. 

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: "ئەو پێنج هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون و تەنیا چەند جار پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنییان لەگەڵ بنەماڵەکانیان هەبووە".

ئەو سەرچاوە ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەو پێنج هاووڵاتییە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لەژێر لێکۆڵینەوەدان.

ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی بانەمەڕ، کاوە منبەری و شێرکۆ منبەری، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و پاشان ڕۆژی شەممە ١١ی بانەمەڕ، پەیام منبەری و سەریاد منبەری لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی جۆزەردان، میکائیل منبەری لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ئەو پێنج هاووڵاتییە، خەڵکی گوندی "نییەر" سەر بە سنەن و دەسبەسەرکرانیان بەبێ بەڵگەی یاسایی ڕووی داوە.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو پێنج هاووڵاتییە، زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نییە.